دروێنەی گەنم لە گەرمیان - وێنە: ئەرشیفی 964
بازرگانیی عێراق
زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دووپاتی کردەوە، تا ئێستا بڕی گەنمی گەیشت بە سایلۆكانیان زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بووە، هاوکات پێشبینی دەکەن ئەمساڵ پێنج ملیۆن تۆن گەنم وەربگرن.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە لە عێراق حەیدەر نوری ئەلعەركاوی، ئەمڕۆ شەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراق راگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن گەنم گەیشتووەتە سایلۆكانیا، پێشبینییش دەكەن رێژەكە لە نێوان چوار بۆ پێنج ملیۆن تۆن گەنم.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەو بڕە گەنمەی کە لە وەرزی رابردوودا ماوەتەوە لە سەرەتای پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵدا 2.3 ملیۆن تۆن بووە”.
وەزارەتی بازرگانی پێشتر دووپاتی کردبووەوە، لیژنەی ناوەندی بە بازاڕکردن، کۆنتڕۆڵ و رێنمایی بۆ پرۆسەی وەرگرتنی بەروبوومی گەنمی ناوخۆیی ئەمساڵ داناوە، لەوانە پێشوەختە حیجزکردنی ئەلیکترۆنی و خەرجکردنی پارەی جوتیاران لە رێگەی ماستەرکاردەوە.
بەپێی ئەوەی پێشتر راگەیاندرابوو، حكومەتی عێراق بۆ هەر تۆنێك گەنمی پلە یەك 850 هەزار دینار دەداتە جوتیاران.