لە پێنجوێن
وشکەساڵى بزنە کێوییەکانى هێنایە دەشتاییەکان
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
بۆ دەستکەوتنى قومێک ئاو، بزنە کێوییەکان بۆ دەشتاییەکانى پێنجوێن دابەزین و ناوچە سەختەکانیان جێهێشتووە.
ئەمساڵ لە سنوورى پێنجوێن بڕی بارانبارین وەک پێویست نەبووە، ئەوەش بووەتە هۆى کەمبوونەوەى ئاوى سەرچاوە و کانیاوەکان.
مقەدەم سەردار ئەحمەد بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی پێنجوێن بە 964ـى وت،”وەک پۆلیسی دارستان ئاگادارن کە بزنە کێوییەکان دەرکەوتوون و بەدواداچوون دەکەن بۆ جێگاکەیان و ژمارەیان”.
وەک باسى دەکات، چاودێریان دەکەن و دواى زانینى ژمارەیان رێکارى پاراستنیان بۆ جێبەجێ دەکەن و ئاویان بۆ دادەنێن.
وتیشی، ئەوان سەرەداوێکیان دەستکەوتووە لەسەر جێگاکانیان و دوای بەدواداچوون دەستدەکەن بە ریکاری پاراستنیان و ئاویشیان بۆ دادەنێن.
وەک ئەوەى مقەدەم سەردار باسى دەکات، پێشتر بەڕێوەبەرى پۆلیسى دارستان بووە لە هەریەک لە قەزاکانى سەیدسادق و شارباژێر، بەڵام وەک دەڵێت:یەکەمجارە ببینم بنزنى کێوى دابەزێت بۆ دەشتاییەکان.
ڤیدیۆیەکى تایبەت بۆ 964 نێردراوە و تێیدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک بزنەکێوى بۆ دەستکەوتنى ئاوى خواردنەوە، بۆ دەشتاییەکان دابەزیون و لەناو زەوى و کشتوکاڵى جوتیاران تەراتێنیانە.
پێداچونەوە: وریا فەتاح