بە جلى کوردییەوە

پارێزگارەکانى هەرێم و سەرۆک کۆمارى ئێران کۆبوونەوە

964+

وریا فەتاح

کۆبوونەوەکانى هەرچوار پارێزگارەکەى هەرێم لە ئێران درێژەیان هەیە، ئەمجارە بە جلى کوردییەوە لەگەڵ سەرۆک کۆمارى ئێران کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.5.22، لە تارانی پایتەخت، مەسعود پزشکیان، سەرۆكى کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆشکی کۆماریی، پێشوازیی لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری کوردستان و رەزا ڕەحمانى، پارێزگاری ئازربایجانی رۆژئاوا (ورمێ) و مەنوچەهر حبیبی، پارێزگاری کرمانشا و فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، ئامادەیى بوون.

بەپێى راگەیەنراوێکى پارێزگاى هەولێر، پزیشکیان خۆشحاڵ بووە بە دیدارەکە و ئاستى پەیوەندى نێوان نێوان پارێزگا هاوسنوورەکانى هەرێم و ئێران.

وەک باسى دەکات، پزیشکیان پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنەکانی نێوانیان دوپاتکردەوە، و خواستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی نیشاندا لە بەیەکەوەژیان و برایەتی و سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەکەدا و جەختی لە بره‌ودانى زياتری هاريكاريى هاوبه‌شی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران كرده‌وه‌.