سێیەم كۆبوونەوەیان لە رۆژهەڵات كرد

سبەی پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵات دەچنە تاران

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە شاندی پارێزگارانی كوردستان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، سەردانی تاران دەكەن و دیداریان لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران و بەرپرسانی دیكە دەبێت.

ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ چوارشەممە 21.5.2025 لە پەیوەندییەكی تایبەتدا بە 964ی راگەیاند، بڕیارە سبەی پێنجشەممە سەردانی تارانی پایتەخت بكەن و خۆی سەرۆكایەتی شاندی پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بە نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم.

وتیشی، “بە دڵنیاییەوە لە تاران دیدار و كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆك كۆمار مەسعود پزیشكیان و بەرپرسانی باڵای ئێران دەبێت، هاوكات پارێزگاری شارەكانی ورمێ، سنە و كرماشان یاوەریان دەبن بۆ سەردانی تاران و ئەوانیش ئامادە دەبن”.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەمڕۆ چوارشەممە هەر لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەبن و لە كار و دیدارەكانیان بەردەوام دەبن.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەدا، كۆبوونەوەكان دەستكەوتی گرنگی دەبێت، بە تایبەتی لە رووی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران و باشتركردنی پەیوەندییەكان لەسەر ئاستە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان.

شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكدێت لە پارێزگاری هەرچوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە، لەگەڵ نوێنەرانی ژوورە بارزگانییەكانی شارەكانی كوردستان، دوو رۆژە لە رۆژهەڵاتی كوردستانن و لەوێ تا ئێستا سێ كۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجامداوە.

لە كۆبوونەوەكاندا، وەك لە راگەیاندراوی پارێزگای هەولێردا ئاماژەی پێكراوە، نوێنەری ویلایەتی فیقهی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری ئابووری و سەرۆکی لیژنەی کاروباری پارێزگاکان لە پەرلەمانی ئێران بەشداربوون.

پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتنە سنە

پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتنە سنە