لە 2017ـەوە هیچی بۆ نەکراوە
سیستەمی هاتوچۆ لە خانەقین ساڵ لە دوای ساڵ دوا دەکەوێت
+964
راژان باجەڵان – خانەقین
ئەو ترافیکلایت و هێڵکاریی و هێمایانەی هاتوچۆ کە لە ساڵی 2017ـەوە لە خانەقین دانراون تا ئێستا هیچ گۆڕانکاری و سیانەیەک نەکراوەتەوە و هاوڵاتیان گلەییان هەیە.
موقەدەم حەیدەر وەلا بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی هاتوچۆی خانەقینی سەر بە حکومەتی کوردستان وتی، لە ساڵانی 2015ـەوە لە خانەقین ترافیکلایت بۆ ئۆتۆمبێل و پیادە دانراوە تا ساڵی 2017 پۆلیسی هاتوچۆی خانەقینی سەر بە حکومەتی هەرێم دەسەڵاتدار بوو بەڵام دواتر کەوتە دەست حکومەتی عێراق و لەو کاتەوە هیچ هەماهەنگییەک نەبووە لە نێوان هەردوولا و ئەو سیستەمە لەم شارە هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و هەرچی هەیە هی سەردەمی حکومەتی کوردستانە.
عەباس ئەرکەوازی هاوڵاتییەکی خانەقینە و بە 964ـی وت، پۆلیسی هاتوچۆی هەرێم سیستەمێکی بیانی بەکاردەهێنا و بە جوانترین شێوە ئۆتۆمبێلەکان دەجوڵان، ئەمە جگە لەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ لە چاو ئێستادا لە ناو شار زۆر کەمتر بوو.
لە ئێستادا لە ناو خانەقین ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و جام رەش و ماتۆرسکیلی بێ لایت بوونەتە جێگیرەوەی ئەو سیستەمە جوانەی کە ساڵانێک حکومەتی هەرێم دای نابوو.
پێداچوونەوە: توانا نەقی