تەنیا یەک کارمەندیان کوڕە
لە چێشتخانەی ئاغاژن ژنان ئاغا و کوێخای خۆیانن
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
لە چێشتخانەی ئاغاژن ژنان ئاغا و کوێخای خۆیانن و هەموو کاروباری چێشتخانەکە بەڕێوەدەبن، تەنیا یەک کارمەندیان کوڕە و زۆربەی خواردنە کوردەوارییەکانیشیان لا دەستدەکەوێ.
گیابەند مستەفا، خاوەنی چێشتخانەی ئاغاژن لە شاری هەولێر، قسەی بۆ 964 کرد و و وتی، “خواردن و دیکۆری چێشتخانەکەم هەمووی کوردەوارییە و ناوی چێشتخانەکەشم هەر لەگەڵ ئەوە گونجاندووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا یەک کارمەندی کوڕیان هەیە و ئەویش بەخێرهاتنی موشتەرییەکان دەکات و خواردنیان بۆ دادەنێ و زۆر بە کەمی دەچێتە ناو مەتبەخ.
“بەڕای من خواردنی کوردەواری تایبەتە بە ژنان و دەبێت ژن دروستی بکات، بەدەستی پیاوان ئەو تامە نادات”، گیابەند مستەفا وای وت.
باسی لەوەشکرد کە چێشتخانەکەی بەخت بۆ کارمەندەکانی دەکاتەوە و تا ئێستا چوار کچی بەشووداوە.
محەمەد هێرش یەکێک لە موشتەرییەکانی چێشتخانەی ئاغاژن رەزامەندی خۆی لە خواردنەکان دەربڕی و وتی، “لەوەتی چێشتخانەکە کراوەتەوە دێمە ئێرە، چونکە خواردنەکانی بەتامە و حسابکە لە مارێ نانی دەخۆی”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری