40 کۆمپانیا و رێکخراوی لێبوون
کوڕ و کچێکی زۆر چوونە زانکۆی ئەمریکی بۆ کار دەگەڕان
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
لە زانکۆی ئەمریکی عێراق سلێمانی پێشانگەیەکی گەورەی هەلی کار کراوەتەوە، 40 کۆمپانیا و رێکخراوی ناوخۆیی و جیهانی لەوێن و دەیانەوێت بزانن لەو بوارانەی ئەوان دەیانەوێت کێیان دەست دەکەوێت.
ئەمە سیانزە ساڵە زانکۆی ئەمریکی ئەم پێشانگایەی هەیە، ئەوەی ئەمجارە دوو رۆژ بوو، دوێنێ لەگەڵ ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.05.2025.
دوێنێ هەر خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی دەیانتوانی بچن، بەڵام ئەمڕۆ دەرگا بۆ هەموو کەس کرابووەوە، خەڵکێکی زۆر دەچوون و سیڤی خۆیان دەدایە کۆمپانیاو رێکخراوەکان.
پەیامنێری 964 لەوێ بوو لە هەندێ کەسی پرسی رایان چییە، بەشێکیان زۆر هیوایان پێی نەبوو دەیانووت هەر نازانین ئاخۆ سیڤییەکەمان دەگاتە جێی خۆی یا نا، هەندێکی تر دەیانووت نا زۆر باشە، ئاگامان لێیە چەند کەسێک لێرە ئیشیان دەست کەوتووە.
ئاڵێ هەردی لە کۆتا ساڵی خوێندنیەتی لە ئەندازیاری پرۆگرامسازی لە زانکۆی ئەمریکی، دەیوت هاتووە لە ئێستاوە مشووری خۆی بخوات و بزانێت کە دەتوانێت چی دەست بکەوێت.