سێیەمین سەنتەری ئۆتیزم لە کەلار کرایەوە

+964

هونەر فارس- گەرمیان

بە مەبەستی ڕاهێنان و چارەسەرکردنی منداڵانی ئۆتیزم، سێیەمین سەنتەری ناحکومی لە شاری کەلار کرایەوە.

سەنتەرەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە کرایەوە و دەکەوێتە سەر شەقامی دوو سایدی شقارتەکە و توانای لەخۆگرتنی 30 منداڵی هەیە.

سەنتەرەکە نزیکەی 20 منداڵی ئۆتیزم لەخۆدەگرێت و لە لایەن چەند ڕاهێنەرکی دەروونییەوە رۆژانە راهێنانی تایبەت بەو منداڵانە دەکرێت.

ئاواز ئەحمەد یەکێک لە سەرپەرشتیارانی سەنتەرەکەیە و بۆ تۆڕی +964 وتی، “ئامانجمان لە کردنەوەی سەنتەرەکە کەمکردنەوەی بارگرانییە لەسەر شانی دایک و باوکانی منداڵانی ئۆتیزم.

لە گەرمیان 250 منداڵی ئۆتیزم تۆمارکراون، کەچی تا ئێستا نەتواندراوە سەنتەرێکی حکومیان لە ناوچەکە بۆ بکرێتەوە.

ژیلوان عادل بەڕێوبەری چاودێری و کۆمەڵایەتیی گەرمیانیش، وتی، “هەموو ڕێکارە یاساییەکانمان بۆ کردنەوەی سەنتەرێکی حکومی گرتووەتەبەر، بەڵام تا ئێستا تەواو نەبووە.