دیمەنی ئەو ئاوە پیسەی سەوزەی لێ بەرهەم دەهێنن.وێنە.پارێزگای هەولێر
"بە ئاوی پیس هەفتەیەکی دەوێت بەڵام بە ئاوی پاک سێ مانگ "
ئەو زەویانەی بە ئاوی پیس سەوزەی لێ بەرهەمدەهێنرێت پاک دەکرێنەوە
964+
توانا نەقی
لە هەندێک شوێن بە ئاوی زێراب و پیس ئەو زەویانە ئاودەدرێن کە سەوزەی لێ بەرهەم دەهێنرێت بۆیە دەستکراوە بە پاککردنەوەی زەوییەکان و دەست دەگیرێت بەسەر ترۆمپاکاندا.
هێمن سەید موراد بەڕێوبەری کشتوکالی هەولێر بە 964ـی وت، گەورەترین کێشەیان لەگەڵ ئەو زەویانە هەیە کە بە ئاوی قورس و پیس و زێراب سەوزەی لێ بەرهەم دەهێنرێت ساڵانە چەند جارێک سەردانیان دەکەن کەچی هەر دووبارەی دەکەنەوە.
وتیشی، زۆربەی ئەو زەویانە دەکەونە توڕەق و باغەمنارە، هەر ئەمڕۆ دوو کەسیان راوانەی دادگا کردووە و دەستیشیان بەسەر پێنج ترومپا گرتووە کە کاری ئاودانەکەیان پێکردووە.
ئەو سەوزەیەی کە بە ئاوی پیس و ئاوەڕۆ بەرهەم دەهێنرێت بە هەفتەیەک پێ دەگات، بەڵام بە ئاوی پاک سێ مانگی دەوێت تاوەکو بەرهەم بێت، بەڕێوبەری کشتوکاڵی هەولێر وادەڵێت.
کشتوکاڵ داوا لا هاوڵاتیان و میدیاکانیش دەکات کە ئەم بابەتە پەیوەندی بە تەندروستی هاوڵاتیانەوە هەیە دەبێت هەمووان هەوڵی نەهێشتن و بنەبڕکردنی بدەن.
هەرچی سەبارەت بە ئاودانی دەغڵودان و گەنمە بە ئاوی پیس هێمن سەید موراد وتی، ئەو حاڵەتەش زۆرە دەبێت ئێوە ئاوا وەک رۆژنامەوان ئاگادرمان بکەنەوە و ئێمەش کاری یاسایی خۆمان دەکەین و سەردانیان دەکەین.