دیمەنی ناوەندی شاری هەولێر - وێنە: 964
زیاتر لە هەزار و 100 بیر دادەخرێن
لە سێ مانگی داهاتوودا هێڵی یەكەمی پڕۆژەی ئاوی هەولێر تەواو دەبێت
964+
محەمەد فاتیح
هەرچەندە ئەمساڵ عێراق و هەرێمی كوردستان وشكەساڵییان هەیە و وەرزی باران بێ باران بوو، بەڵام بڕیارە لە سێ مانگی داهاتوودا هێڵی یەكەمی پڕۆژەی ئاوی هەولێر تەواو بێت و هەوڵیش بدرێت چیتر هەرێم پشت بە ئاوی ژێرزەوی نەبەستێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 13.5.2025 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار له رێوڕەسمی رۆژی ئاوی كۆماری چیك وتى، “گرنگترین ئەو پڕۆژانەى لە هەرێمی كوردستان كراون، پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێره، كە ئێستا زیاتر لە 70%ی تەواو بووە و لە سێ مانگی داهاتوودا هێڵی یەكەمی تەواو دەبێت، هەروەها پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە كە بەشی زۆری كارەكانی تەواو كراوە، لەگەڵ پڕۆژەكانی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ و ئاكرێ، كاركردن و تەواوكردنی پڕۆژەی 51 گوندی بارزان و پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان و پڕۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی و چەندان پڕۆژەی دیكەش”.
پڕۆژەی ئاو
“تێچووی ساڵانەی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە سەرەڕای قەیرانەكان 158 ملیار دینارە و هەروەها ساڵانە 120 هەزار تێستی كیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجیش بۆ ئاوی خواردنەوە دەكرێن بۆ ئەوەی كوالێتی ئاو بە گوێرەی ستانداردەكان بێت، بە گشتی بارودۆخی بەرهەمهێنانی ئاو لە كوردستان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە دیوە” ساسان عەونی واى وت.
ئەو دەشڵێت، “هەوڵ دەدەین 100% پشت بە بەكارهێنانی ئاوی سەرزەوی ببەستین و چیتر ئاوی ژێرزەوی بەكار نەهێنین كە تەنیا بە تەواوبوونی هەردوو پڕۆژەكەی ئاوی هەولێر و قوشتەپە زیاتر لە هەزار و 100 بیر دادەخرێن”.