پێشانگایەک دەکرێتەوە و 40 کۆمپانیا پێشوازیتان لێدەکەن
بێکارەکان بەیانی بڕۆنە زانکۆی تیشک؛ زیاتر لە 200 هەلی کار چاوەڕێتان دەکات
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
دەرچووانی بێ ئیشی زانکۆ و پەیمانگاکان، سبەی هەر کە رۆژ بووەوە، بە سیڤییەکی پڕەوە خۆتان بگەیەننە زانکۆی تیشک لە هەولێر، زیاتر لە 200 هەلی کار چاوەڕێتان دەکات.
رۆژانی 13 و 14ـی مانگ لە زانکۆی نێودەوڵەتيی تیشک لە هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی سۆران، پێشانگایەکی هەلی کار بە بەشداريی زیاتر لە 40 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی دەکرێتەوە.
هێرش عومەر، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی پیشەیی لە زانکۆی تیشک و یەکێک لە رێکخەرانی پێشانگاکە، بە 964ـی وت، “ئامادەکارییەکانمان دەستپێکردووە بۆ 10ـیەمین پێشانگای هەلی کار و لە کاتژمێر 10ـی سبەینێوە، پێشوازی لەو دەرچووانەی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکەین، کە تا ئێستا دانەمەزراون و بەدوای کاردا دەگەڕێن”.
“ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی دەچنە پێشانگاکە، باشترە چەند کۆپییەکی سیڤییەکانیان پێبێت، هەروەها خوێندکارانی قۆناغەکانی سێ و چوار کە دەیانەوێت مەشقی هاوينە ئەنجام بدەن، دەتوانن سەردانی پێشانگاکە بکەن و پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی بەشدار لە پێشانگاکە بکەن.
ئەمە 10ـیەمین ساڵە پێشانگای هەلی کار لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک دەکرێتەوە و ئەمساڵیش بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی سۆران، زیاتر لە 200 هەلی کار دەخەنە بەردەم دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری