ئۆتۆمبێلى چینى
چین
لە چوار مانگدا 10 ملیۆن ئۆتۆمبێلى فرۆشتووە
964+
وریا فەتاح
ئێستا لە جیهاندا بازاڕ بازاڕى ئۆتۆمبێلى چینى یە، بەپێى داتاکانیش بێت، بۆیەکەمجارە لە چوار مانگى یەکەمى ساڵێک ئەو وڵاتە 10 ملیۆن ئۆتۆمبێل بفرۆشێت.
کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلی چین (CAAM)، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، لەماوەى ئەو چوار مانگەدا 10.18 ملیۆن ئۆتۆمبێل بەرهەمهێنراوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 12.9% زیادیکردووە.
ئاشکراشى کردووە، فرۆشی ئۆتۆمبێل گەیشتووەتە بە 10.06 ملیۆن یەکە لە ماوەى ئەو چوار مانگەدا، ئەوەش یەکەمجارە لە ساڵێکدا تا مانگى نیسان 10 ملیۆن ئۆتۆمبێل بفرۆشرێت.
ئاشکراشى کردووە، ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی وزە (NEV) گەشەیەکی بەهێزیان تۆمارکردووە، بەشێوەیەک بەرهەمهێنانیان لە چوار مانگی یەکەمدا بەڕێژەی 48.3% زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 4.43 ملیۆن یەکە، هەروەها فرۆشی کۆمپانیاکە بەڕێژەی 46.2% لە چاو ساڵی رابردوودا زیادیکردووە و گەیشتووەتە 4.3 ملیۆن یەکە.
هەروەک خستوویەتییەڕوو، کۆمپانیای NEV لەسەدا 42.7ـی کۆی فرۆشی ئۆتۆمبێلی نوێی لە چین لەم ماوەیەدا پێکهێناوە.
هەر لە راپۆرتەى کۆمەڵەى بەرهەمهێنەرانى چین، هەناردەی ئۆتۆمبێل لە وڵاتەکەدا ساڵ لە دوای ساڵ بە ڕێژەی لەسەدا 6 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن و 94 هەزار یەکە، تەنیا لە چوار مانگی یەکەمدا.