964 بەدواداچوونی کرد و دەرکەوت خەڵکی ئاکرێیە
کرێکارێک لەکاتی کارکردندا گیانی لەدەست دا و سەندیکاش بێ ئاگایە
964+
دەشتی عارف – هەولێر
دوو رۆژ لەمەوبەر، کرێکارێکى گەنج لە پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر کەوتە خوارەوە و گیانى لەدەست دا، سەندیکاى کرێکاران دەڵێت، “ئاگامان لێ نییە”.
بۆ ئاشکراکردنی راستى و دروستیى هەواڵەکە و ساغکردنەوەی، 964 بەدواداچوونی وردی کرد، بەپێی زانیارییەکان کە لەسەرچاوەیەکى تایبەت وەرگیراوە، دوو رۆژ لەمەوبەر، لەیەکێک لە پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون کە ناوى پڕۆژەکە لای 964 پارێزراوە، کرێکارێکى گەنج کەوتووەتە خوارەوە و گیانى لەدەستداوە.
سەرەتا پەیامنێری 964 چووەتە پزیشکى دادیی هەولێر، سەرچاوەیەکی بەرپرس لەوێ رایگەیاندووە، “رۆژى 10ـی مانگ تەرمی گەنجێکیان بۆ هێناین کە لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کاری کردووە و لە کاتی کارکردن کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستدابوو”.
وەک ئەوەى باسى کرد، گەنجەکە ناوى (م.ع)ـە و تەمەنى 25 ساڵە و خەڵکى ئاکرێیە، هەر دواى توێکارى بۆى، تەرمەکەى رادەستى کەسوکارى کراوەتەوە.
لاى خۆیەوە حەسەن رەمەزان، وتەبێژی سەندیکای کرێکاران لقی هەولێر، وێڕاى بێ ئاگایى خۆى لە رووداوەکە، بە 964ـى وت، “بەدواداچوون دەکەین، ئەگەر گرێبەستى هەبێت هەموو مافەکانى وەردەگرین”.
لە بەدواداچوونی زیاتردا، شاخەوان سەعید، وتەبێژى بەرگریی شارستانیى قسەى کرد، ئەو بە 964ـى وت، “ئاگادار نەکراوینەتەوە لە رووداوى لەو شێوەیە، بەڵام گوایە کەسێک لە بەرزکەرەوەیەک کەوتووەتە خوارەوە و گیانى لەدەستداوە، بەڵام ئێمە ئاگادار نین”.
تا ئەم ساتە هیچ لایەنێکى فەرمى ئاگادارى بابەتەکە نین، یان نایانەوێت زانیارى لەبارەوە بدەن، هەربۆیە پەیامنێرمان بە مەیدانى سەردانى پڕۆژەکەی کرد، لەوێ لەگەڵ بەرپرسى بەشى خزمەتگوزارى پڕۆژەکە قسەی کرد، ئەوان وێڕاى ئەوەى رێگەیان نەدا پەیامنێرمان کامێرا و مۆبایل دەربکات، ئامادەش نەبوون هیچ زانیارییەک لە بارەى رووداوەکەوە بخەنەڕوو، بە وتەى ئەو بەرپرسەى کۆمپانیاکە، ئاسایش وتوویەتى، هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە مەخەنەڕوو، ئاسایشی هەولێریش سەرلەبەری ئەو زانیارییە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، “ئەم کەیسە پەیوەندی بە پۆلیسەوە هەیە نەک ئاسایش”.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح