پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی بۆ 964
“کێشەکە گەورەیە بۆیە موچە نانێردرێت”
964+
توانا نەقی
ئەوە 10 رۆژ لە مانگی پێنج تێپەڕیوە و هێشتا هیچ دەنگ و باسێک لە موچەی مانگی چوارەوە نەهاتووە و پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت کێشەکە گەورەیە.
پێشتر لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمەوە لە سەرەتای ساڵ وا راگەندرا کە هیچ کێشەیەک نەماوە بۆ نەناردنی موچە و ئەمساڵ بە خۆشی هەموو مانگێک موچە لە کاتی خۆیدا دەدرێت.
کێشەکە گەورەیە
سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە 964ـی وت، “کێشەکە گەورەیە حکومەتی هەرێم داهات رادەست ناکەن، ئەوەی کردویانە یەک لەسەر پێنجی داهاتە نەک نیوەش”.
وتیشی، جگە لە کێشەی داهاتەکە تێچووی دەرهێنانی نەوتیان بۆ کرا بە 16 دۆلار کەچی هەر ئامادە نین نەوت بدەن بە سۆمۆ، بۆیە هەتا ئەوانە چارەسەر نەکەن موچە نانێردرێت یان ئەو کێشەیە هەر بەردەوام دەبێت.
نەناردنی موچە کراوە بە بابەتێکی سیاسی ئەگینا هیچ کێشەیەک نییە
964 لە سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتەوە لەسەر موچەی ئەوەی پێ راگەیەندرا، وەزارەتی دارایی عێراق کێشەکەی کردووە بە سیاسی ئەگینا هەموو داواکارییەکانیان وەک خۆی جێبەجێ کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، 20ـی چوار میزانی مراجەعە نێردراوە، 22ـی مانگ داهاتی ناوخۆ نێردراوە و 28 مانگ لیژنەکە لەوێ خۆیان وتوویانە هیچ کێشەیەک نییە واتا دەبوو پارەکە بنێرن.
سەبارەت بە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا ئەو سەرچاوە وتی، جارێ هیچ دەنگێک نییە کە بڕۆن چونکە تا کێشەیەک نەبێت ناڕۆن ئێستا هیچ کێشیەک نییە تەنیا حکومەت و وەزارەتی دارایی عێراق بە ئەنقەست و بە سیاسی پارەکە نانێرن.
نزیکەی 40 رۆژە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە و بە پێی ئەم لێدوانانەش بێت نازانرێت کەی باخەڵیان گەرم دەبێتەوە بە موچەی مانگی چوار.