بەرهەمی وێستگەی کارەبای حەسیرە بەس بۆ گەرمیان نییە

+964
فەهمی نەبی

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت ئەوان توانیویانە لەو غازەی لە کێڵگە نەوتییەکان بەفیڕۆ دەڕوات، وێستگەیەکی کارەبا لە گەرمیان دروستبکەن و بڕی 100 مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنن.

بەپێی زانستی ئەندازیاریى کارەبا، 100 مێگاوات لە کارەبا بەشی 20 فیدەری پێدانی کارەبا دەکات، بەو مانایەی هەر گەڕەکێکی گەورە ئەگەر دوو فیدەری کارەبای هەبێت، ئەو بڕەی لەو وێستگەیە بەرهەم دێت، بەشی پێنج گەڕەکی گەورە دەکات.

وێستگەکەی غازی کێڵگەی حەسیرە، لە توانای هەیە 165 مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت، بەڵام ئێستا لە توانایدایە 100 مێگاوات کارەبا بدات.

بە وتەی ئالان ئەرکان، وتەبێژی کارەبای گەرمیان، رۆژانە لە گەرمیان 14 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە، ئەو کارەبایەی لەو وێستگەیە بەرهەم دێت، دەخرێتە سەر تۆڕی نیشتیمانی 132KV.

ئالان ئەوەش دەڵێت، “بەشی کارەبای گەرمیان لای حکومەت 4.7ە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئەوە بەو مانایەی لەهەر کوێی کوردستان کارەبا بەرهەمبێت ئەو رێژەیەی بۆ گەرمیانە، واتا لەو وێستگەیەش تەنیا ئەو رێژەیەمان دەستدەکەوێت”.

بە وتەی حکومەت، لە هەرێمی کوردستان ئەوە یەکەم وێستگەی کارەبایە لە غازی بەفیڕۆچووی کێڵگەی نەوتی دروست بکرێت.

وێستگەکە ساڵی 2021 دەستی بەبەرهەمهێنانی کارەبا کردووە، 118 هەلیکاری ناوخۆیی بۆ ناوچەکە دابینکردووە.