ئەو ترافیک لایتەی لەکارکەوتووە. وێنە: 964
هێدى باژۆ
هەڵمەتى نیشتمانى بۆ سەلامەتى رێگاوبانەکان رادەگەیەنرێت
964+
وریا فەتاح
هەڵمەتى فراوانى نیشتمانى بۆ سەلامەتى رێگاوبانەکان لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان رادەگەیەنرێت و ئامانج لێى کەمکردنەوەى رووداوەکانى هاتوچۆیە.
لە نوسراوێکدا کە واژۆى هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى ناوخۆى لەسەرە و ئاراستەى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، تێیدا هەڵمەتى فراوانى نیشتمانى بۆ سەلامەتى رێگاوبان و هاتوچۆ و بەکارهێنانى شەقامەکان راگەیەنراوە.
لە هەڵمەتەکەدا، مامۆستا و پیاوانى ئاینى و هونەرمەند و میدیاکاران و کارمەندانى هاتوچۆ و هونەرمەندان و ئەستێرە دیارەکانى کوردستان، بەشدارى تێدادەکەن و مەبەست لێى کەمکردنەوەى رووداوەکانى هاتوچۆیە.
هەڵمەتەکە بۆ ئەوەیە هەموان لە مەترسى راستەقینەى خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئامرازەکانى گواستنەوە و شەقامەکان و سەرکێشى ئاگادار و هۆشیار بکرێنەوە.
ئەم کەمپەینە 12 بۆ 18ـى ئەم مانگە لە هەفتەى هۆشیارى جیهانى سەلامەتى رێگەوبانەکان دەستپێدەکات و شەش مانگ بەردەوام دەبێت.
تایتڵى کەمپەینەکە بە ناونیشانى (هێدى باژۆ)، دەستپێدەکات کە رێنمایى بە شۆفێران دەدات لە کەمکردنەوەى خێرایى و ئەنجامنەدانى سەرکێشى.
هۆشیاریش بە هاوڵاتیان دەدرێت کە بۆ پەڕینەوە پردى پەڕینەوە بەکاربهێنن و لەسەر شەقامەکانیش هێڵى پەڕینەوە بەکاربهێنن بۆ پەڕینەوە.