سەڵاحەدین
رووداوەکانی هاتوچۆ هێندە زۆر بوون ئەمبوڵانس لەسەر رێگاکان دانرا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بەڕیوەبەرایەتیی تەندروستیی بە هاوکاری هاتوچۆی رێگا و بانەکانی سەڵاحەدین، ئەمبوڵانسی تایبەتیان لەسەر ئەو رێگایانە جێگیرکردووە کە بەردەوام رووداوی هاتوچۆ تێیاندا روودەدەن، بە مەبەستی ئەوەی لە کاتی هەر رووداوێکی هاتوچۆدا تیمەکانی فریاگوزاری خێرا بگەنە شوێنی رووداوەکە و چارەسەری بریندارەكان بکەن و ژیانیان رزگار بکەن.
یاسین محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی سەڵاحەدین بە 964ـی وت، “دانانی ئەمبوڵانس لەسەر رێگاوبانەکان دوای ئەوەدێت کە رووداوەکانی هاتوچۆ هێندە زۆربوون، رۆژانە هاوڵاتیەکی زۆر بەهۆی رووداوەکانەوە دەبنە قوربانی”.
وتیشی، ئێستا لە چەند شوێنێکی رێگا ستراتیژیەکانی سنووری نێوان سەڵاحەدین و قەزا و ناحیەکان ئەمبوڵانس جێگیرکراون و لەهەوڵیشدان ئەمبوڵانسی زیاتر لە سەرجەم شوێنە سەرەکییانەی دابنرێت و هەر ئەمبوڵانسێک کەرەستە و چارەسەری فریاگوزاری تایبەتیان پێیە بۆ ئەوەی چارەسەری سەرەتایی بۆ بریندارەکان ئەنجامبدرێت، هەر لە شوێنی رووداوەکە و تا دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە، ئەگەر پێویست بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ هاتوچۆی رێگاوبانەکانی سنوورەکان هەماهەنگی کراوە بۆ ئەوەی چەند خاڵێکی هاتوچۆ لە شوێنە ستراتیژییەکان دابنرێت، بۆ ئەوەی ببێتە رێگر لە خێرایی شۆفێران و رووداوەکانی هاتوچۆ.
پێداچوونەوە: هاوبەش