لە دەورووبەرى هەولێر
ئاژەڵی مرداربوەوە دانیشتوانی دوو گوندی هەراسان کردووە.
964+
عەبدولعەزیز خالند -هەولێر
دانیشتوانى دوو گوندى دەورووبەرى هەولێر، حاڵوگوزەرانیان نەماوە بەدەست پاشماوەى ئاژەڵى مردارەوەبوو، چونکە لە نێوانى هەردوو گوند فڕێدەدرێت و هەرچى بۆنى ناخۆشە سەرو دڵى دانیشتوانى ئەو دوو گوندە دەگرێت.
جمکە و و بنبێرزی، ناوى ئەو دوو گوندەى دەورووبەرى هەولێرن کە بەهۆى ئەم کێشەیەوە گرفتارن.
پشتیوان عەبدوڵا دانیشتووى گوندى جمکە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”درەنگانێکى شەو کەسانى نەناسراو پاشماوەى ئاژەڵ و ئاژەڵى مردارەوەبوو لە نێوان هەردوو گوندەکە فڕێ دەدەن، لەبەر بۆنى ناخۆشى ئەو پاشماوانەش هیچ ژیانمان نەماوە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، ئەگەر مردووەکان زیندوو بننەوە و ئەو بۆنەیان بۆبێت بەرگە ناگرن و دەمرنەوە.
ئەو هاوڵاتییە داوا دەکات، شارەوانى و ژینگە بە فریایان بێن و چارەسەرى ئەو کێشەیەیان بۆ بکەن.
964 کێشەکەى خستە بەردەم ژیار جەلال، بەڕێوبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر، ئەو بە 964ـى وت،”لە کانى قڕژاڵە شوێنى تایبەتمان هەیە بۆ فڕێدانى ئاژەڵى مردارەوەبوو و پاشماوەى ئاژەڵى، بەڵام خەڵکانێک پابەند نین و دەچن لەملاولا فڕێى دەدەن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح