دیمەنێک لە ئاسمانەوە شاری خانەقین نیشان دەدات _ وێنە: 964
"جگە لە جنێو هەڕەشەی کوشتنیشی تێدایە"
سەنتەری میترۆ بۆ پاڵپشتی رۆژنامەنووسانی خانەقین هاتەسەر خەت
964+
توانا نەقی
ماوەیەکە چەند کەس و پەیجێک کەوتوونەتە گیانی رۆژنامەنوسانی خانەقین و جگە لە ناوزاڕاندن و قسەی نەشیا و بەشێکیشیان هەڕەشەی کوشتنیان لێ کراوە، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان لەسەر ئەو بابەتە هاتووەتە دەنگ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7.5.2025 سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکای لە رۆژنامەنوسان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، ژمارەیەک رۆژنامەنوسی خانەقین رووبەڕووی هەڵمەتێکی رێکخراوی ناوزڕاندن و شکاندنی کەسایەتییان بوونەتەوە، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی رۆڵیان لە گەیاندنی راستییەکان و بەرگریکردن لە ئازادیی بیروڕا و رادەربڕین.
دەشڵێت: ئەم هەڵمەتانە وەک بەشێک لە هەوڵێکی رون و بە ئەنقەست بۆ تێکدانی رۆڵی رۆژنامەگەریی پیشەیی و دەنگی ئازادی شارەکە دەبینین، لە کاتێکدا کە خانەقین زیاتر لە جاران، پێویستی بە میدیای بەرپرسیار هەیە.
یەکێک لە رۆژنامەنوسانەش کە رووبەڕووی ئەو هەڵمەتە بووەتەوە بە 964ـی وت، کۆمەڵێک پەیج هەیە رۆژانە جنێو بە رۆژنامەنوسان دەدەن ئەو یەکێکە لەو کەسانە و چەند جارێک هەڕەشە و قسەی نەشیاوی پێ وتراوە.
رۆژنامەنووسەکە دەشڵێت، رۆژنامەنووس هەیە جنێو بە خێزانی دەدەن و هەیە جنێو بە ئاینەکەی دەدەدەن و هەشە هەڕەشەی لێدەکەن کەنخۆی یەکێکە لەوانەی هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.
سەنتەری میترۆ داواش لە لایەنە بەرپرسیارەکانی خانەقین دەکات رێز لە ئازادیی رۆژنامەوانی بگرن و ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانە بۆ رۆژنامەنوسان فەراهەم بکەن کە دوربێت لە تۆقاندن، جیاکاریی و پەراوێزخستن.