سه‌رۆكى رێكخراوێكی ژینگه‌یی:
“هیچ پاساوێك بۆ كوشتنى ورچه‌كه‌ى باڵه‌كایه‌تى نییه “
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
سه‌رۆكى رێكخراوێكی ژینگه‌یی ده‌ڵێت، هیچ پاساوێك بۆ كوشتنى ورچه‌كه‌ى باڵه‌كایه‌تى نییه، جا هه‌ر كه‌سێك كوشتبێتی، داواش ده‌كات لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌زووترین كات به‌دواداچوون بكه‌ن.
محه‌مه‌د عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى رێكخراوى وارڤین بۆ پاراستنى ژینگه و ئاژه‌ڵى كێوی، گرته‌ڤیدیۆیه‌كى ورچه كوژراوه‌كه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه كه شه‌وی رابردوو له گوندى زه‌گه‌ڵینى نێوان باڵه‌كایه‌تى و بنارى قه‌ندیل لاشه‌كه‌ى كه‌وتبوو.
محه‌مه‌د ده‌ڵێت “ورچه‌كه هێشتا جه‌سته‌ى گه‌رم و خوێنیش له لوتى دێت، به‌ڵام هیچ پاساوێك بۆ كوشتنى نییه”.
ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك له خه‌ڵكی ناوچه‌كه یاخود پاسه‌وان، یان هه‌ر چه‌كدارێك كوشتبێتى پێویسته لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت، چونكه کوشتنی ورچ و گیانەوەرە دەگمەنەکان خەریکە لە حاڵەتەوە تێپەڕدەکات و دەبێتە دیاردە.
ئاشكراشی ده‌كات “زۆرجار هەواڵی کوشتنی ئه‌م جۆره ئاژه‌ڵه دەشاردرێتەوە، جارجاره‌ش کەسانێک هەن هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و دوور و نزیک ئێمەمانانى لێ ئاگاداردەکەنەوە، بۆیه پێویسته لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ده‌ست به لێكۆڵینه‌وه و به‌داوداچوونى بكه‌ن”.
داواشی كردووه، رێگه نه‌درێت ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى به‌مه‌به‌ستى كۆكردنه‌وه‌ى گژوگیاى به‌هاره ده‌چنه ئه‌م ناوچانه به چه‌كه‌وه نه‌چنه چیا و كوێستانه‌كان، بۆئه‌وه‌ى گیانى ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان پارێزراو بێت.
ئه‌مڕۆ دڵشێر ئیبراهیم، هاوسه‌رۆكى شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل (كه له په‌كه‌كه‌وه نزیكه) به 964ـى راگه‌یاند، دوو گومان بۆ كوشتنى هه‌یه یان سوپاى پاسداران كه له شوێنه‌كه نزیكن، یاخود ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى بۆ گیاى به‌هاره سه‌ردانى ئه‌م ناوچه‌یه ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وانیش زۆرجاران چه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن.
هه‌ژار ماهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى فەرمانگەی ژینگە ئیداره‌ى سۆرانیش به 964ـى وتبوو، سزاى كوشتنی ئه‌م جۆره ورچه قاوه‌ییه ده‌گمه‌نه پێبژاردنە بە بڕى 20 ملیۆن دینار.
له ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا تاوه‌كو ئێستا، ئه‌مه سێیه‌مین حاڵه‌تى كوشتنى ورچه له سنوورى باڵه‌كایه‌تى و بنارى قه‌ندیل، كه یه‌كه‌میان له‌رۆژى 15.10.2023 له‌سه‌ر رێگاى گوندى قڕناقاو ورچێك به مردوویی دۆزرایه‌وه كه ئه‌وكات سه‌رۆكى شاره‌وانى وتی ژه‌هرخوارد كراوه، دووه‌میشیان له 13.8.2024 لە کوێستانەکانی پرژە ورچێکی قاوەیی بە کوژراوی دۆزرایەوە و ئاسه‌وارى گولله به‌جه‌سته‌یه‌وه دیاربوو.