کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانی هەولێر - وێنە: شارەوانی هەولێر
کۆبوونەوەیان کردووە
بڕیارێک لە شارەوانی هەولێرەوە؛ مامەڵە بە داخراوی یان دواخراوی نەمێنێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
شارەوانی هەولێر، رۆژانە 200 تا 500 مامەڵەی جۆراوجۆری هاوڵاتیان رایی دەکات، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیان کردووە و بڕیاریان داوە، هیچ کەیس و مامەڵەیەک بە داخراوی یاخود بە دواخراوی نەمێنێتەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 6.5.2025، سەرجەم بەرپرسی بەشەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بەشداربوون.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە 964ی وت، بۆ باشترکردنی مامەڵەی هاوڵاتی و کارەکانی رۆژانە، کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم سەرۆک بەش و هۆبەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی کردووە، و داوای فراوانکردنی کارەکان کراوە لێیان.
بەجۆرێک، پێویستە رۆتینات لەسەر هاوڵاتی کەم بکرێتەوە، دەبێت داواکاری و مامەڵەکانیان دوا نەخرێت و لە کاتی خۆیدا وەڵام بدرێتەوە، بۆ ئەوەی رێڕەوی خۆی وەربگرێت و نابێت هیچ کەیس و مامەڵەیەک بە داخراوی یاخود بە دواخراوی بمێنێتەوە.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر وتی، لەگەڵ ئەوەی دەمانەوێت ئەو رۆتینە نەهێڵین، ئێستا رۆژانە، سەرجەم مامەڵەکان سکانی ناو سیستم دەکرێ، جگە لە پاراستنی بەڵگەنامەکان لە رووداوی نەخوازراو، کاری هەندێک مامەڵە هەیە، کە پێشتر 10 بۆ 15 خولەکی پێ دەچوو، ئێستا تەنیا بە سێ بۆ پێنج خولەک تەواو دەکرێن.
سەرۆکی شارەوانی شارەکە، داوای بەستنەوە و چۆنیەتی وورد بوونەوە لە نوسراوە فەرمییەکان و وەڵامدانەوەیانی کردووە، هەروەها داوای هەماهەنگی و بە سیستم کردنی کارەکانی کردووە بۆ مامەڵەکان، لەگەڵ گشت بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر.