هێرشی ئیسرائیل بۆسەر بەندەری حودەیدە لە یەمەن
30 فڕۆكە هێرشیان كرد
ئیسرائیل یەمەنی وێران كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە میدیای وڵاتەكەی رایگەیاند، بە نزیكەی 50 بۆمب هێرشیان كردووەتە سەر بەندەری حودەیدە و بە تەواوی وێرانیان كردووە.
بەرپرسەكە دووپاتی دەكاتەوە، بەندەرەکە گورزێکی زۆر قورسی بەرکەوتووە و کارگەیەکی گرنگی حوسییەکانیش لەوێ کراوەتە ئامانج و ئۆپەراسیۆنەكەش لە یەمەن کۆتایی هاتووە.
رادیۆی سوپای ئیسرائیلیش بڵاویكردەوە، زیاتر لە 30 فڕۆکەی ئیسرائیلی بەشدارییان لە هێرشەکانی سەر حودەیدەدا کردووە و دەیان پێگەی گرنگیی حوسییەكانیان بۆردمان كردووە، كە سەرچاوەی داهاتی حوسییەكانن.
هەر لە بارەی هێرشەكان ماڵپەڕی ئێكسیۆس لە سەرچاوەیەكی ئیسرائیلییەوە گواستییەوە، كە هێرشەكە تەنیا ئیسرائیل ئەنجامی داوە، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكا.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێرشەكە لە وەڵامی ئەو مووشەكە بووە حوسییەكان ئاراستەی فڕۆكەخانەكانی ئیسرائیلیان كردووە.
دوێنێ حوسییەكانی یەمەن موشەكێكیان ئاراستەی فڕۆكەخانەی بن گۆریۆن كرد و لە نزیك فڕۆكەخانەكە كەوت و لە ئەنجامدا شەش کەس بریندار بوون و زیان بە فڕۆکەخانەکە گەیشت.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەی ئەمڕۆی ئیسرائیلیش، حوسییەكان رایانگەیاندووە، دەستەوەستان نابن و دەیانەوێت گەمارۆی ئاسمانی بخەنەسەر ئیسرائیل.