نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات
دیپلۆماتکارێکی چینی لەسەر رێگای خورماتوو – بەغدا رووتکرا و کەلوپەلەکانی برا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەسەر رێگای خورماتوو – بەغدا دیپلۆماتکارێکی چینی لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە رووتکرا و کەرەستە و مۆبایل و هەرچییەک پێیبوو، بەتاڵان برا.
لیوا حسێن عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، “رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو و لە سنووری باکوری خورماتوو روویداوە، دیپلۆماتکارێکی چینی بەرەو بەغدا رۆیشتووە، کاتێک گەیشتووەتە سنووری خورماتوو، ویستویەتی لەناو ئۆتۆمبێلەکەی پشوویەکی کورت بدات، لەو کاتەدا مەفەرەزەیەکی حەشدی شەعبی چوونەتە سەری و پشکنیویانە”.
“دوای ئەو رووداوە، چەند کەرەستە و مۆبایل و هاردێکی دیپلۆماتکارەکە دیار نەماوە، بۆیە راستەخۆ پەیوەندی بە باڵێۆزخانەی چین لە بەغدا کردووە، پاشان هێزێکی تایبەتی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گەیشتونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکوڵینەوەیان دەستپێکردووە”، حسێن عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو مەفرەزەیەی حەشدی شەعبی رەتیانکردووەتەوە کە کەرەستە و ئامێرەکانی ئەو دیپلۆماتەیان بردبێت و تەنها بۆ لێکوڵینەوە و پشکنین هاتوونەتە لای، لێکوڵینەوە لەسەر رووداوەکە بەردەوامە، بەڵام تائێستا کەس دەستگیر نەکراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری