لە سەڵاحەدین
شۆفێرێکی دلیڤەری کەوتەناو چاڵێکەوە و گیانی لەدەستدا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
شۆفێرێکی دلیڤەری لەکاتی گەیاندنی خواردن بۆ ماڵێکی گەڕەکی قادسیە لە پارێزگای سەڵاحەدین، لە نیوەی رێگا کەوتەناو چاڵێکەوە و گیانی لەدەستدا.
محەمەد سەباح بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری تکریت لە پارێزکای سەڵاحەدین بە 964ـی وت، “رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو و لە گەڕەکی قادسیە روویداوە، هاوڵاتییەک بە ماتۆڕی دلیڤەری خواردنی لە یەکێک لە چێشتخانەکانەوە بۆ ئەو گەڕەکە بردووە، لەرێگا بەهۆی تیژڕەوییەوە کۆنتڕۆڵی ماتۆڕەکەی لەدەستداوە و کەوتووەتە ناو چاڵێکی گەورەی ئاوەڕۆی پڕۆژەیەکی تەواونەکراو”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کاتەدا کەس بە رووداوەکەی نەزانیوە و لە شەوی رابردووەوە کەسوکاری و هێزە ئەمنییەکان بەدوایدا گەڕاون، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە و دەریانهێناوەتەوە.
محەمەد سەباح وتیشی، دوای پشکنین بۆ تەرمەکە، دەرکەوتووە کە هیچ ئاسەوارێکی کوشتن و ئەشکەنجەی پێوە نەبووە، ئەوەی کە هەیە بەهۆی تیژڕەویی چاڵەکەی نەبینیوە و کەوتووەتە ناوی.
964 زانیویەتی کە ئەو کەسە ناوی حەمید حەمەدە و تەمەنی 45 ساڵە، خێزاندارە و لە یەکێک لەچێشتخانەکانی پارێزگای سەڵاحەدین وەک کرێکاری گەیاندنی دلیڤەری کاری کردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری