بوو بە 61 دۆلار

نرخی نەوت جارێکی دیکە هاڕەی کردەوە

964+

توانا نەقی

هەرچەندە دواى دابەزینەکەى دوو هەفتە لەمەوبەر چەند رۆژێک بوو نرخى نەوت ئاهێکى هاتبووەوەبەر، بەڵام ئەوە دوورۆژی لەسەر یەکە بەردەوامە لە دابەزین.

بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.5.2024 لەکاتی کردنەوەی بازاڕى جیهانى نەوت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 61 دۆلار و 0.1 سەنتە، دوێنێ هەمان کات بە 63  دۆلار بوو.

هەروەها یەك بەرمیل نەوتی سووكی تێكساس لە خوار 60 دۆلارەوە مامەڵەى پێوە دەکرێت و بە 58 دۆلار و 13 سەنتە.

دوو هەفتە لەمەوبەر نرخى نەوت بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزی، بەشێوەیەک هەر بەرمیلێک سەروو 15 دۆلارى لێبووەوە.

ماوەیەک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا باجى گومرگى بەسەر ژمارەیەک وڵاتدا بسەپێنێت، ئەوەش شڵەژانى ئابوورى و بازرگانى دروستکرد و دواتر چین وەڵامى دایەوە و بڕیاریدا ئەویش باجى گومرگى بەسەر کاڵاى ئەمەریکیدا بسەپێنێت، ئەمە هۆکارى سەرەکى دابەزینى نرخى نەوت بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت لەلایەن هەشت وڵاتى ئەندامى ئۆپیک هۆکارێکى دیکەى دابەزینى خێراى نرخى نەوت.

هاوکات، پرسى سزاخستنە سەر کەرتنى نەوتى ئێران، جارێکى دیکە نرخى نەوتى بەرەو بەرزى بردەوە.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى لە دابەزینى نرخى نەوت توشى زیانێکى زۆر دەبێت، چونکە 95%ـى داهاتەکەى پشت بە هەناردەى نەوت دەبەستێت.