باڵای دوو مەتر و 36 سانتیمە
بەرزترین پیاوی عێراق سەردانی سلێمانی کردووە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
ئەمڕۆ پیاوێکی عێراقی هاتبوو بۆ بازاڕی مەولەوی شاری سلێمانی، خەڵکێكی زۆر لێی کۆبووبوونەوە و وێنەیان لەگەڵیدا دەگرت، چونکە ئەم پیاوە پیاوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو باڵای دوو مەتر و 36 سانتیمەتر بوو.
پەیامنێری 964 لە سلێمانی زوو خۆی گەیاندە لای و گفتوگۆیەکی خۆشیان کرد بەیەکەوە.
ئەو پیاوە باڵابەرزە کە ناوی جەبار قاسمە و تەمەنی 35 ساڵە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ” سلێمانی شارێکی جوان و دڵگیرە، زۆر چێژم لەوە بینی هاتووم بۆ ئێرە، خەڵکەکە بەڕاستی زۆر میهرەبانن و خۆشیان دەوێم، بەڕێزەوە مامەڵەم لەگەڵ دەکەن کاتێکیش دەیانەوێت وێنەم لەگەڵ بگرن بەڕێزەوە روخسەتم لێ دەخوازن و وێنە دەگرن.”
وتیشی، “حەز دەکەم ناوم لە لە کتێبی گینیسی پێوانەیی تۆمار بکەم، چونکە پێموایە بەرزترین پیاوی عێراق بم”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر