"لە رەگ و ریشەوە دەریانهێنابوون"
نزیکەی هەزار بنەگیایان پێچێنرایەوە کە لە سروشتی بارزان هەڵیانکەندبوون
964+
شۆڕش قادری
لە بارزان نزیکەی هەزار بنەگەیا بەو کەسانە چێندرانەوە کە بە رەگ و ریشەوە گیاکانیان لە شاخ و کێو هەڵکەندبوو.
سدیق حەسەن بەرپرسی بەشی راگەیاندن و رۆشنبیری و وتەبێژی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان بە 964ـی وت، “دوێنێ یەکشەممە 27.4.2025 چەند کەسێک بەربوونەتە سروشتە جوانەکەی بارزان و رێژەیەکی زۆر گیای بەهارییان بە رەگەوە دەرهێنابوو، ئەمڕۆ ئەو کەسانە دەستگیر کران و دەستیش بەسەرگیاکانیاندا گیرا، دواتر سەرپێچیکاران گەڕێندرانەوە بۆ شاخ و 939 بنەگیایان پێ چێندرایەوە کە دەریانهێنابوون”.
“بنەگیاکان بە شێوازێکی خراپ و لە رەگ و ریشەوە دەرهاتبوون، چونکە ئەگەر بە چەقۆ گیاکان بکرێن، وەهایان لێنایەت”، سدیق حەسەن وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر رایانگەیاندووە کە کڕین و فرۆشتن بە گیابەهارییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، بەڵام ئەگەر کەسێک بچێتە سروشت و بەشێوەیەکی باش گیا بەشی خواردنی خۆی و خێزانەکەی بهێنێتەوە، ئاساییە.
سدیق حەسەن وتیشی، ساڵی رابردووش چەند کەسێکیان بەهەمان شێوە دەستگیر کردووە و گیاکانیان پێچاندوونەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە هەر لە سەرەتای وەرزی بەهار و هاتنی گژوگیاکانی بەهاری، بەتالیۆنەکەیان رێنمایی تەواویان بۆ چۆنیەتی کردنی گژوگیا بۆ هاوڵاتیان روونکردووەتەوە.