هێڵی ئینتەرنێت و سیستمی هاتوچۆ پەکیان کەوت
ئیسپانیا و پرتوگال کارەبایان کوژایەوە
964+
ژێوار خدر
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هەردوو وڵاتی ئیسپانیا و پرتوگال کارەبا پچڕا و ئەمەش کاریگەری لەسەر هۆکارەکانی گواستنەوە، سیستمی هاتوچۆ، بازاڕ و ئینتەرنێتی هەردوو وڵات دروستکردووە.
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی بی بی سی بەریتانی، هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی لە وڵاتەکە پەکیان کەوتووە و شەمەندەفەرەکان چۆڵکراون و ترافیک لایتەکانیش لەکارکەوتوون
لە مەدریدی پایتەخت زۆرێک لە بازاڕ و دوکان و چێشتخانەکان تاریک بوون، خزمەتگوزاری ئینتەرنێتیش وەستاوە
کۆمپانیای رێد ئێلیکتریکای رایگەیاندووە، لەگەڵ کۆمپانیاکانی وزە لەسەر خەتن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە و گەڕاندنەوەی کارەبا.
دەشڵێت، لە باکوور و باشووری وڵاتەکە کێشەی کارەباکەیان چارەسەر کردووە.
پێشتر کۆمپانیاکە پچڕانی کارەباکەی پشتڕاستکردبووە و باسی لەوەشکردبوو، هەموو هەوڵیک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری پۆلیسی پورتوگالەوە دەڵێت، ترافیک لایتەکان و شەمەندەفەرەکان وەستاون، میترۆ لە شاری لیشبۆنی پایتەخت و پۆرتۆ وەستاوە و شەمەندەفەرەکانیش کارناکەن.