"دز دەرگا بکاتەوە تەلەفونت بۆ دەکات"
خانووى زیرەکت هەبێت، بێ خەم بە و ماڵەکەت جێبهێڵە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
سەردەم سەردەمى داهێنان و پێشکەوتنە، ئێستا گەیشتووین بە کاتێک کە چیتر خەمى جێهێشتنى ماڵەوەمان نابێت، پڕۆژەى خانووى زیرەک دەتوانێت ئاگادارت بکاتەوە لە هەر شتێک کە لە ماڵەکەت روودەدات لەوکاتەى تۆ لە ماڵەوە نیت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27.4.2025، یەکەمین پێشانگای ژیری دەستکرد و رۆبۆت لە زانکۆی جیهان بەرێوەچوو، تێدا قوتابیان داهێنان و پرۆژەکانی خوێندکار تێدا نمایشکرا.
شاکار هۆشیار، خوێندکاری بەشی سیستەمی زانیاری بە پڕۆژەیەکى سەرنجڕاکێش بەشدارى پێشەنگاکەى کردووە، لەبارەى پڕۆژەکەیەوە بە 964ـى وت،”پڕۆژەکەم پێکهاتووە لە خانووی زیرەک، ئەمە وا دەکات ماڵەکەت بپارێزی لەهەموو رووداوێکی نەخوازراو”.
پڕۆژەکەى ئەو بە شێوازێکە، خانووەکەت لە رێگەى ئامێرێکەوە بە ئینتەرنێت و مۆبایلەکەت دەبەستێتەوە، کاتێک تۆ لە ماڵەوە نیت هەر جوڵەیەک لە ماڵەکەت رووبدات ئاگادارت دەکاتەوە، ئەگەر وەڵامت نەبوو تەلەفونت بۆ دەکات، ئەگەریش وەڵامت نەدایەوە لە رێگەى ئەو ژمارەیەى داتناوە، پەیوەندى بە پۆلیسەوە دەکات.
وەک ئەوەى شاکار باسى دەکات، پڕۆژەکە خاوەنماڵ لە خەمى دزى رزگار دەکات، چونکە هەر جوڵەیەک هەبێت خاوەن ماڵ ئاگادار دەکاتەوە.
لاى خۆیەوە، د.نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی زانکۆی جیهان، باسی ئەوەی کرد لەگەڵ خوێندکارەکانی یەک تیمن و هەموو هەوڵێک دەدات و بەهەموو شێوەیەک هاوکاری خوێندکارەکانی دەکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح