کێڵگەیەکى نەوتى هەرێم
ئەپیکۆر:
هەرێم و بەغدا لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت نەگەیشتن بەرێککەوتن
964+
وریا فەتاح
وادیارە گفتوگۆ و هەوڵەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵى، لەبارەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى کوردستان ئەنجامى نەبووە. ئەپیکۆر داوا دەکات هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)، لە راگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 27.4.2025 بڵاوى کردووەتەوە، تێیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەى 20ـى نیسانى کە لە نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدڕاڵى بە ئامادەبوونى ئەندامانى ئەپیکۆر بەڕێوەچوو، نەگەیشتوون بە هیچ رێککەوتنێک بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت.
بەپێى قسەى ئەپیکۆر بێت، کۆمپانیاکان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى کوردستان، بەڵام دەبێت رێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت و تێیدا دڵنیایى بدرێت لە پێدانى پارەى کۆمپانیاکان، لەگەڵ ئەو قەرزەى پێویستە پێیان بدرێتەوە.
ئەپیکۆر ئاماژەى بەوەشکردووە، حکومەتى عێراق زۆر جار باس لەوە دەکات کە دەبێت هەناردەى نەوت دەستپێبکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون.
رۆژى 5.3.2025، باسم محەمە، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی نەوتى عێراق بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت رایگەیاند، وەزارەت هەموو پابەندبوونەکانی جێبەجێکردووە، و چاوەڕێی رەزامەندی هەرێمین بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنى نەوت بە رێژەی 185 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
هەفتەى رابردوو، کۆمەڵەی پێشەسازی نەوتى کوردستان (ئەپیکور)، ئامادەیى کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم پیشان دەدات، بەڵام مەرجى هەیە و دەڵێت:پێویستە گرێبەستی کارکردنیان لەبەرچاو بگیرێت.
ئەپیکۆر لە راگەیەنراوێکى پێشوتردا رایگەیاند:چەندین جار وتومانە، کە کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەرى جەیهانەوە، بەڵام ئەوە بە رێککەوتنێک بەدیدێت کە پارێزگاری مەرجەكانی گرێبەست و بازرگانی و ئابوری ئێستای کۆمپانیاكان بكات”.
هەروەک جەختیشى کردووەتەوە، بە دەستپێکردنەوەى نەوت پێویستە عێراق و هەرێمى کوردستان بە نوسراوێک شەفافیەت و گەرەنتی پارەدان دابین بکات بەبێ دەستوەردانی سیاسی.
دواى ئەوەى لە 2ـى شوباتى رابردوو، ئەنجومەنى نوێنەران هەموارکردنەوەى یاساى بودجەى پەسەند کرا و تێچووى نەوتى هەرێمیش دیاریکرا، حکومەتى هەرێم پابەندکرا بە گواستنەوەى نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى (سۆمۆ)ـى سەر بە وەزارەتى نەوتى عێراق.
بەپێى مادەى 12 لە هەموارى یەکەمى یاساى بودجە کە تایبەتە بە تێچووى نەوتى هەرێم، رێگەدەدات هەناردەى نەوتى هەرێم لە بەندەرى جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ وە بەبازاڕی دەکرێت.
هاوکات بەپێى مادەی دوانزە/ دووەم/ ج لە هەموارى یاساى بودجەى عێراق تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک سلفە دەدرێتە هەرێم بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت، تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆر کە لەماوەی 60 رۆژى دواى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەستنیشاندەکرێت.
کەى نەوتى هەرێم راگیرا؟
دوای بڕیارێکی دەستەی ناوبژیوانى پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا، رۆژى 25ـى ئادارى 2023، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیرا.
لەکاتێکدا بۆڕى نەوتى عێراق- تورکیا، نزیک دەبێتەوە لە دوو ساڵ هەناردە نەوتى لێوە ناکرێت، بەڵام بەپێى ئەو زانیارییانەى کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) خستویەتییە روو، عێراق رۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدات ئەوەش لەبەر ئەوەى نەیتوانیوەى مەرجى رێککەوتنەکە بۆ بۆ بۆرى نەوتى عێراق- تورکیا، جێبەجێ بکات.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان “ئەپیکۆر” لە هەشت کۆمپانیای سەرەکیی بەرهەمهێنەری نەوت پێکدێت، لە دواى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم رۆژانەى 200 هەزار بەرمیل لە نەوتى هەرێم بەرهەمدەهێن و لەناوخۆدا ساغى دەکاتەوە.