دوای نزیکەی 48 کاتژمێر
تەرمی مێردمنداڵە خنکاوەکەی عوزێم دۆزرایەوە
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
دوای نزیکەی 48 کاتژمێر لە گەڕان و بەدواداچون، بەیانی ئەمڕۆ شەممە 26.4.2025 تیمەکانی بەرگرغی شارستانی و غەواس لە سەڵاحەدین تەرمی ئەو منداڵەیان دۆزییەوە، کە دوو رۆژی رابردوو لە کاتی مەلەکردندا لە رووباری عوزێم خنکا.
حەمزە عوبەیدی، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی بەلەد بە 964ـی وت، تەرمی ئەو مێرمنداڵەی کە لە رووبارەکەی عوزێم خنکابوو، بە دووریی نزیکەی کیلۆمەترێک لە شوێنی خنکانەکەی دۆزرایەوە، ئەمەش پاش دوو رۆژ لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمەکانی غەواس و بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە، کە بەردەوام لە گەڕاندا بوون، تەرمەکەش رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.
وتیشی، منداڵەکە ناوی “محەمەد نازم”ـە و تەمەنی 10 ساڵانە و خوێندکاری پۆلی چواری سەرەتاییە و دانیشووی پارێزگاکەیە، رۆژانە بۆ مەلەکردن سەردانی ئەو رووبارەی کردووە لەگەڵ هاوڕێکانی و کۆتا جاریش ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە لە کاتی مەلەکردن چووەتە قوڵایی رووبارەکە و نەیتوانیوە خۆی رزگار بکات و خنکاوە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا