بەهۆی وشکەساڵییەوە
باڵندەکان دەربەندی رانیەیان جێهێشتووە
964+
ژێوار خدر
وشکەساڵی و کەم ئاوی ماسی و باڵندەی لە دەربەندی رانیە نەهێشتووە.
شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە 964ـی وت، بەهۆی کەمی رێژەی باران بارینەوە، ئەمساڵ ئاستی ئاوی زێى بچوک بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەجۆرێک ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بەمشێوەیەی ئێستا ئاوەکە کەمی نەکردووە.
وتیشی،”بەم هۆیەوە ئەمساڵ هیچ ماسییەک نەهاتووەتە کەناری ئاوەکە بۆ گەرا دانان، لەبری ئەوە گەراکانیان لە قوڵایی ئاوەکە داناوە، ئەمەش وایکردووە، نەورەسەکان و باڵندەکانی تر خواردنیان دەستنەکەوێت و ناوچەکەیان جێهێشتووە”.
باسی لەوەشکرد، ساڵان لەم کاتانەدا بەهۆی هەبوونی ماسییەوە لە کەناراوەکان راوێکی زۆر دەکرا، ئەمساڵ رێژەی راوکردن و سەرپێچیش کەمی کردووە.
بەپێى ئامارەکانى پۆلیسى دارستان و ژینگەى راپەڕین، ساڵی پار تا ئەم کاتە نزیکەی 40 راوچییان دەستگیر کردبوو، بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا چوار راوچییان دەستگیرکردووە.