رێباز حەملان وا دەڵێ

“ئەوەی بەغدا لەماوەی ئەم سێ مانگەدا داوای کردبوو هەمووی جێبەجێکراوە”

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەوەی بەغدا لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا داوای کردبوو، هەمووی جێبەجێکراوە و هیچ داواکارییەکی هونەری نەماوە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکرابێت.

ئەم قسەکانی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراقە بۆ ژمارەیەک میدیا کە ئەمڕۆ قسەی بۆ کردن، ئەوەشی وت، لیستی موچەی ئەم مانگە “نیسان” هەمان لیستی مانگی پێشووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.4.2025، رێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە نوێنەری کەناڵەکانی راگەیاندنی وت، لیستی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەمان لیستەکەی مانگی ئازارە و تەنیا ژمارەی خانەنشینان زیادیکردووە.

بریکارەکەی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، کە پێش وەرگرتنی ئەو پۆستە، ئەرکی راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی هەبوو وتی، چاوەڕێین وردبینی لە لیستەکە تەواوبکرێت و بەزووترین کات موچە دابەش بکرێت لە هەرێمی کوردستان.

شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە و ئەندامانی شاندەکە رۆژانە سەردانی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن و لە ماوەی سێ مانگی رابروودا سەرجەم داواکارییەکانی بەغداد جێبەجێکراون و تاوەکو ئێستا هیچ گرفتێک نییە، رێباز حەملان وای وت.

پێشتر، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رۆژی سێشەممە 22.4.2025 بڵاوی کردەوە، لیستی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم، لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستانەوە، رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە، کە بڕەکەی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینار بووە.

ئاماژە بەوەش کرابوو، رۆژی یەکشەممە 20.4.2025 راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئادار (میزان المراجعة) و راپۆرتی کۆتایی ساڵی 2024 (الحسابات الختامیة) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نێردراوە.

وەزارەتی دارایی كوردستان پارەی نارد و چاوەڕێی موچە دەك...

وەزارەتی دارایی كوردستان پارەی نارد و چاوەڕێی موچە دەكات