هیچ زیانێکی گیانی نەبوو
مەیدانی حاجیاوا ئاگری گرت
964+
ژێوار خدر
کەمێک پێش ئێستا مەیدانی حاجیاوا، ئاگری گرت و بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە تایبەت بە 964 نێردراوە، ئاگرەکە لە مەیدانە تازەکەی ناحیەی حاجیاوا کەوتووەتەوە و تا ئێستاش کۆنتڕۆڵ نەکراوە
کاتژمێر 4:50 دەقیقەی ئێوارە نوێکراوەتەوە
عەلی قادر، وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە 964ـی وت، تیمەکانمان ئاگادار کرانەوە لە هەبوونی ئاگرێک لە مەیدانی حاجیاوا و پشت قوتابخانەی قەندیل و لای کۆنە فرۆشەکان
وتیشی، تا ئێستا تەنیا دوکەڵێکی رەش دەبینین و تیمەکانی ئاگر کوژێنەوەی بنکەکانی چوارقوڕنە و حاجیاوا سەرقاڵی کۆنتڕؤڵ کردنی ئاگرەکەن و تیمی رانیەش بەڕێوەن بۆ شوێنی رووداوەکە.
بەپێی وتەی بەرگری شارستانی، زەرەر و زیانەکان تا ئێستا نەزانراون و دوای کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکە لێکۆڵینەوە دەستپێدەکەن.
کاتژمێر 4:54 دەقیقە ئاگرەکەی مەیدانی حاجیاوا کۆنتڕۆڵ کرا
عەلی قادر، وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا و 10 بۆ 12 کەپر کە جلوبەرگری کۆنە و کەلوپەلی دەستی دوویان تیادا فرۆشراوە سووتاون و جگە لە زیانی مادی، ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
روونیشیکردەوە، تا ئێستا هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە نەزانراوە.