وان و ئیستەنبوڵ

دووەم بوومەلەرزە لە توركیای دا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ چوارشەممە بوومەلەرزەی دووەم لە توركیای دا و هێزی ئەوەی دووەمیان، كە لە ئیستەنبوڵی داوە، 6.02 بووە.

ناوەندی ئەڵمانی بۆ توێژینەوە و زانستی زەوی GFZ، رایگەیاند، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 6.02 بە پلەی رێختەر لە شاری ئیستەنبوڵی توركیای داوە و قوڵاییەكەشی 10 كیلۆمەتر بووە لە ناوچەی سیلیڤری.

لە لایەكی دیكە ناوەندی بوومەلەرزەزانیی توركیا دەڵێت، پاشە لەرزەكان بەردەوامن.

میدیای توركیاش ڤیدیۆی هاوڵاتیانیان بڵاوكردەوە، كە لە ترسان هاتوونەتە سەر شەقامەكان و ترس و دڵەڕاوكێیان هەیە.

شایەدحاڵێک لە ناوخۆی ئیستەنبوڵ بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بوومەلەرزەکە بەهێز بووە و دانیشتووان هەستیان بە لەرزینەكە كردووە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی یان داڕمانی باڵەخانەكان تۆمار نەكراوە.

سەرچاوەكە دەڵێت، زۆربەی دانیشتووان بیناکانیان جێهێشتووە و چوونەتە سەر شەقامەکان لە ترسی دووبارەبوونەوەی بوومەلەرە.

ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ بەیانی زوو، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4 پلە لە قەزای ئێلبەكی سەر بە شاری وانی باكووری كوردستانی دا، لە رۆژهەڵاتی توركیا.

بوومەلەرزەیەک لە شاری وانی باكووری كوردستانی دا

بوومەلەرزەیەک لە شاری وانی باكووری كوردستانی دا