کێشەکان بەردەوامن
جارێکی دیکە سوپا چووەتە سەر گوندی شەناغە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
سوپای عێراق بەوەوە نەوەستاوە رێگری لە جوتیاران کورد بکات لە گوندی شەناغە کاری خۆیان بکەن، بەڵکو ئێستا رێگری لە ئاژەڵدارانیش دەکەن، ئۆتۆمبێلی سەربازییش لە سنووری گوندەکە بڵاوبوونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23.4.2025 جارێکی دیکە سوپای عێراق رێگری کرد لە جوتیارانی گوندی شەناغە و گوندەکانی دیکەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان.
دلێر ئەحمەد گابەرەکەیی، جوتیارێکی سنوورەکەیە و بە 964ـی وت، ئێستا کە لێدوانتان بۆ دەدەین سوپای عیراق بە چەند ئۆتۆمبێلێکی مێکەزمینیەوە لە ناو گوندەکە هاتوچۆ دەکەن، لە ئێوارەی دوێنێوە لە سنووری گوندەکە بڵاوەیان پێکراوە.
وتیشی، دوای کێشەکانی مانگی شوبات لەگەڵ فەرماندەی فیرقە قسەمان کرد، کە ئەوانەی ئاژەڵدارن پارچە زەویەک تۆو بکەن بۆ ئەوی ئاژەڵەکانیان تێیدا بلەوەڕێنن، بەڵام دوێنی جوتیارەکان ویستیان ئاوی بدەن، سوپا گەیشتە سنوورەکە و رێگری کرد و ئێستا بڵاوەیان پێکردوون، تا ئێستاش هیچ لایەنێکی پەیوەندیدارمان ئاگادارنەکردووەتەوە ، چونکە پێمان سەیر بوو رێگری لە بڕیارەکەی خۆشیان دەکەن.
دوای بەدوای کێشە و ئاڵۆزییەکانی گوندی شەناغە لە نێوان جوتیاران و سوپای عێراق، ئیدارەی کەرکوک بڕیاری دا بە پێکهێنانی فەوجێکی 500 کەسی بۆ رێگریکردن لە دەستێوەردانی سوپا لەو ناوچە کێشەلەسەرەکانی ماددەی 140.
964 پەیوەندی بە بەرپرسانی ئیداری شارەکە کرد، بەڵام بەبیانووی ئەوەی سەرقاڵی دیداری یەکێتین لە شاری سلێمانی، روونکردنەوەیان نەدا لە سەر هاتنی سوپا بۆ ناو گوندی شەناغە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی