لەپێناو باشترکردنی رۆڵی چاودێری ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان

بەفەرمی داواكرا مێرگەسۆر بكرێت بە پایتەختی ژینگەپارێزی

964+

محەمەد فاتیح

بە مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتێكی زیاتر بە هاونیشتمانیان و باشترکردنی رۆڵی چاودێریی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان، بە فەرمی داواكرا قەزای مێرگەسۆر بكرێت بە پایتەختی ژینگەپارێزی.

لە کۆبوونەوەیەکی دەستەی چاککردنی ژینگە، جەختكرایەوە لەسەر هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەت بۆ ئەو کارانەی کەوا هاوبەشن لە رووی تایبەتمەندیی ژینگەییەوە و باشترکردنی رۆڵی چاودێری ژینگەیی لە رێگای تیمەکانەوە.

باس لەوەش کرا، پێویستە پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کارەکانی دەستەی ژینگە و کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان و بە داتابەیسکردنی لە پێشینەی کارەکان بێت و دەبێت فەرمانگەکان کاری جدی لەسەر بکەن.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەى هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو داوایەی ئاڕاستەكراوە مێرگەسۆر بكرێتە پایتەختی ژینگەپارێزی، تا ئێستا بڕیاری لەسەر نەدراوە.

دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوبوویەو، بە فەرمی داواكراوه مێرگەسۆر بكرێت بە پایتەختی ژینگەپارێزی، 964 پەیوەندی بە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەى هەرێمی كوردستانەوە كرد و لە وەڵامدا وتی، ئەوە تەنیا پێشنیارێكە جارێ‌ زۆری ماوە بڕیار لەسەر ئەوە بدەین، كە چ شوێنێك بە پایتەختی ژینگەپارێزی هەرێم هەڵبژێرین و چاوەڕوانی پێشنیاری تریش دەكەین و پاشان دەبێت هەموو پێشنیارەكان دیراسە بكرێن.