گەشتی هەموو شارەكان دەكات
پزیشکێكی گەڕۆک لە مزگەوتێكی خانەقین چارەسەری نەخۆشەكان دەكات
+964
راژان باجەڵان – خانەقین
پزیشکێکی بەغدادی بەناوی دکتۆر ریاز ئەمجارە لە مزگەوتی ئەبو حەفس لە خانەقین دەیان نەخۆشی بە خۆڕایی پشکنی .
دکتۆر ریاز ناسڕ، كە پسپۆڕیی لە نەخۆشییەكانی ئێسك و جومگەكانە، ئەمڕۆ یەکشەممە 20.4.2025 بۆ 964ی گێڕایەوە، خەڵکی بەغدایە و دانیشتووی هەمان شوێنە، رۆژانی شەممە لە نەخۆشخانەی نوعمان دادەنیشێت، لە ساڵی 2019ەوە، هەڵمەتێکی دەستپێکردووە کە هەر هەفتەیەک لە پارێزگایەک دەبێت و بە خۆڕایی نەخۆشەکانی ئەو ناوچانە چارەسەر دەکات.
وتیشی، هەفتەی پێشوو لە پارێزگای موسڵ بووە، كارەكەشی بە جۆرێك دەكات، بەیانیان لە نەخۆشخانەکان دەبێت و ئێوارانیش لە ناو مزگەوتەکان چارەسەری هاوڵاتییان دەکات و دەرمانی پێویستیان بۆ چارەسەر بۆ دەنووسێت.
بورهان کەرەم سەرپەرشتیاری هەڵمەتەکەیە لە مزگەوتەکەی خانەقین، بە 964ی وت، بە پێی رێککەوتنێکی نێوان پزیشکەکە و ئیدارەی مزگەوتەکە ئەو پزیشکە بۆ سێیەم جار هاتووەتەوە خانەقین و هەموو دوو مانگ جارێک هاتنەکەی دووبارە دەکاتەوە، تەنیا ئەمڕۆ نزیکەی 60 کەس لەم کارە خێرخوازییەدا سوودمەند بوون.
گەڕانی پزیشکەکە سبەی لە ناحیەی گوڵاڵە دەوەستێت و کۆمەڵێکی دیكە لە هاوڵاتیانی هەژار و کەمدەرامەت چارەسەر دەکات و رۆژانەش بەپێی توانای خۆی و رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کۆمەڵێک دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشەکانی دەستەبەر دەکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا