فولکەى کردندى نۆژەن دەکاتەوە
شارەوانى خانەقین بەدەم داواکارى هاوڵاتیانەوە دێت
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
فولکەی کرندی کە دەکەوێتە چەقی بازاڕی خانەقین ماوەیەکی دور و درێژە خۆڵ و پیسی پێوە دیارە و پاش دەیان داواکاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شارەوانی خانەقین بڕیاری نۆژەنکردنەوەی دا.
ئەندازیار موجبل جەمیل بەرێوەبەری شارەوانی خانەقین سەر بە دیالە بە 964ـى وت،” شارەوانی بەدەم داواکاری خەڵکی خانەقین دەچێت و فولکەی کرندی نۆژەن دەکرێتەوە، هەرچەندە پەیکەرەکە وەک خۆی دەمێنێت، بەڵام سیستەمی رووناکی و کورسی دانیشتنی نوێ دادەنرێت و زەوییەکەی دەکرێتە تاتان و شێوەیەکى جوان بە ناوبازاڕی شارەکە دەبەخشێت”.
فولکەکە پەیکەرێکی چوار پارچەیی تێدایە کە هێمای یەکگرتنی چوارپارچەی کوردستانە و سەبارەت بە ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیسحاق کرندی گەورە بازرگانی جولەکەی شارەکە، کە لە ساڵی 1931 و نزیک لەو شوێنە چایخانەی کرندی دروستکرد و تا ئێستا بە هەمان ناو ماوە و تەواوی شوێنەکە بەو ناوە ناسراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح