تەنیا مانگی رابردوو نزیکەی 5000 جیابوونەوە تۆمارکراوە

رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق بە شێوەیەكی مەترسیدارە

964+

محەمەد فاتیح

بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە لە عێراق گرفتی بۆ ژیانی هاوڵاتیان دروستكردووە بە تایبەتی ژنەكان و کۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق داوای رێگە چارەیەك دەكات بۆ ئەم دیاردەیە.

رێژەی جیابوونەوە لە دادگاکانی عێراق لە مانگی ئاداری رابردوو بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، نزیكبووەتەوە لە 5000 حاڵەت، واتا لە رۆژێكدا زیاتر لە 160 حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراقدا روویداوە.

کۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق نیگەرانی خۆی لە ئاست بەرزی حاڵەتەکانی جیابوونەوە دەردەبڕێت و دەڵێت دیاردە هەن کە مەترسی لەسەر بنەماڵە و یەکگرتوویی کۆمەڵگەی عێراقی دروست دەکەن، ئەمەش پێویستی بەوەیە لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان بکەن و چارەسەریان بکەن و هەوڵەکان هەماهەنگ بکەن بۆ پەروەردەکردنی گەنجان کە هاوسەرگیری پەیوەندییەکی پیرۆزی خێزانییە و توخمێکی جەوهەرییە بۆ سەلامەتی و یەکگرتوویی کۆمەڵگا، لە هەمان کاتدا مەترسییەکانی خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و تەکنەلۆژیای پەیوەندییە مۆدێرنەکان بخەنەڕوو.

داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین چەندین رێباز و رێگا پەرەپێبدەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە و یاسایەک دەربکەن کە پێکهاتەی خێزان و مافەکانی ژنان بپارێزێت وپێشێلکارییەکانی مافەکانی منداڵان و تاکەکان سنووردار بکەن بۆ دەستەبەركردنی ژیانێکی سەلامەت و سەقامگیر، کۆمیسیۆن واى وت.

فازڵ غەڕاوی سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق پێشتر ئاماژەی كردبوو بە بەرزبوونەوەیەكی نیگەرانكەری حاڵەتەكانی جیابوونەوە لە عێراقدا، بە جۆرێك لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا 357  هەزار و 887 حاڵەتی جیابوونەوە تۆماركراوە كە بەرزترینیان لە ساڵی 2021 بووە و هۆشداریشیدا لە بەرزبونەوەیەكی ترسناك لە رێژەی جیابوونەوە لە عێراقدا.

رێژەی هاوسەرگیری لە عێراق پێنج هێندەی جیابوونەوەیە

رێژەی هاوسەرگیری لە عێراق پێنج هێندەی جیابوونەوەیە