چەنێک خەڵک لە سەیرانن ئەوەندەش لە پێشانگان
پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب ئەم دوو رۆژەی ماوە و بەرناکەوێ
964+
شۆڕش قادری
کەشوهەوای ئەمڕۆ گونجاو و لەبار بوو بۆ گەشت و سەیران و خەڵکێکی زۆر روویان لە سەیرانگاکان کردووە، بەڵام خوێنەر و ئەهلی کتێبیش کەم نەبوون و پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب جمەی دێت و بەرناکەوێ.
17ـیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب تەنیا ئەم دوو رۆژەی ماوە، بۆیە ئەمڕۆ چەنێک خەڵک چوونەتە سەیران و سەیرانگاکان، لەوانەیە زیادەڕۆیی نەبێ ئەگەر بڵێین ئەوەندەش چوونەتە پێشانگا، چونکە بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی نێردەی 964 تۆماری کردوون، قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم پارکی سامی عەبدولڕەحمان دروست بووە و رێگاکە بەتەواوی کەپس بووە.
پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب لە 9ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و تا سبەی شەممە 19.4.2025 بەردەوام دەبێت، 964ـیش هاوبەشی میدیایی پێشانگاکەیە.