بێبەرینامە بۆ منداڵانی کوردستان

حاشا من لە ئێوە نیم.. بۆ یەکەمجار کۆپی بێبەرینامەکەی هادی عەلەوی

+964

ژووری هەواڵ

لەو کاتەی هەموو دنیا بێدەنگبوو لە قڕکردنی کورد، هادی عەلەوی نووسەرو بیرمەندی دیاری عێراقی رۆژی 23.9.1988 لە پاش ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە رۆژنامەی (سەفیر)ی لوبنانی وتارێکی بڵاوکردەوە دژی دڕندەیی بەعس و بێبەریبوونی خۆی راگەیاند رژێمەکەی سەدام حسێن هەموو توانای خستە گەڕ بۆ کۆکردنەوەی رۆژنامەکەو بۆ ئەوەی هیچ کۆپییەکی نەمێنێت، ئێستا کۆپی ئەم وتارە پڕ بایەخە لە هیچ شوێنێک بەردەست نییە.
964 لە ئەرشیفی د. مەحمود عوسمانەوە دەقی تەواوی وتارەکەی دەستکەوتەوە

بێبەرینامە… بۆ منداڵانی کوردستان
هیچ ماقووڵ نییە و هیچ لۆژیک نییە ئەم رووباری خوێنە بەردەوام بێت و کەسێک هەوڵ نەدات رایبگرێت. ئەم حەزی کوشتنە چییە چووەتە ناو رۆحی ئەو پیاوەی کە ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو رووبارە خوێنە بژی؟ لای ئەو دەسەڵات هیچ مانایەکی نەماوە جگە لەدەرکردنی مەرسومی مەرگ، بەبێ سنوور، بەبێ هۆکار، بەبێ ئامانج.
هەر مرۆڤکوژێکی، برسی، نەخۆش، کاتێکی هەیە بۆ وچان و قسە لەگەڵ خۆکردن و پرسیار لە خۆکردن، ئاخۆ ئەو کەسانەی هەڵیبژاردوون بۆ کوشتن بژاردەیەکی تەواو بوون یا نا؟ بەڵام ئەم مرۆڤکوژە نایەوێت وچان بدات، نایەوێت پشوویەک وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە لە خۆی بکات.
لە جیهانی سێیەمدا بۆ مانەوە و بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەت قایم بکەیت دەبێ بکوژیت. ئەم پیاوە بایی ئەوەندەی کوشتووە کە بۆ بیست ساڵ شوێنپێی خۆی قایم بکات. لەگەڵ ئەوەشدا لە یاری مەرگ ناوەستێت، بوونی ئەو لە دەسەڵاتدا یەک مانای هەیە: دەبێ ئەم رووبارە خوێنە بەردەوام بچۆڕێت، ئەگەرنا دەسەڵات بێ مانا دەبێت.
لە ماوەی ساڵانی 1968 هەتا 1980 بیست هەزار کەسی لە گەلەکەی قڕکرد، بۆ زۆربەیان شێوازە دڵخوازەکەی بەکار دەهێنا کە ئەشکەنجەدانە، تا گەیشتە  ئەوەی متمانەپێکراوترین کەسەکانی خۆی، دەگێڕنەوە دەڵێن نازم گزاری بەڕێوەبەری گشتی ئەمنی بە مشار بڕیوەتەوە، لەبەر ئەوەی لە دادگا لە رووی وەستاوەتەوە، یەکێکی تر دەڵێت محەمەد عایشی وەزیری پیشەسازی لە مەنجەڵێکی مسدا کوڵاندووە لەبەر ئەوەی ئەویش بەهەمان شێوە لە دادگا لە رووی وەستاوەتەوە، کاتێک خەیاڵدان ئەم وێنانە دروست دەکاتەوە، تێدەگەین ئەو رووداوە نائاساییانەی لە مێژوودا خوێندومانەتەوە تەنیا قسەی سەر زاری خەڵک نین.
ملیۆنێک کەسی لە ئێرانییەکان کوشت، لە شەڕێکدا کە نیو ملیۆن سەربازی خۆی تیاچوون، زۆرێک لەمانە لەلایەن تیمەکانی لە سێدارەدانەوە لەناو دەبران کە لەپشتی هێڵەکانی جەنگەوە بەتۆمەتی کەمتەرخەمی و ترسنۆکی و پاشەکشێ سەربازەکانیان دەکوشت.

ئەمڕۆ کە بەرەی ئێران دامرکاوەتەوە، فەیلەقەکانی روویان لە کوردستان کردووە، بە هەمان ئەندازە هێزەکەی بردووەتە ئەوێ، بەهەمان ئامێرو کەرەستەی شەڕکرن، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی پەرۆشی بۆ ئەو شەڕە هیچ پەیوەست نەبوو بەو بیانووانەی بەشێک لە عێراقییەکانی لایەنگرانی بەرگری لە نیشتیمان بۆیان دەهێنایەوە، ئەوەتا ئەو بەو پەڕی دڕنداییەوە درێژە بەشەڕەکانی دەدات لە کوردستان، پێم دەوتن ئەم سوپایە هەر کارێکی پێ بسپێریت ئەوە دەکات، تەنانەت ئەگەر داواشی لێ بکەیت هێرش بکاتە سەر ماڵەکانتان…

ئەوەی لەمڕۆژگارەدا روودەدات لەسەروو خەیاڵەوەیە، هیچ فەرهەنگێک نایگرێتە خۆ، هەست بەلاوازی دەکەم و زمانم لە گۆ کەوتووە، بەدوای دەستەواژەیەکدا دەگەڕێم کە مانای خۆی پێ بدات، بەڵام بۆم نادۆزرێتەوە، بڕوام پێ بکەن زۆر گەڕام بەو هیوایەی شتێک بدۆزمەوە پێناسەی ئەوە بکات کە لە کوردستانی عێراق روودەدات، بەڵام زمان کۆمەکی نەکردم.

ئەو زانیاریانەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و هەندێ لە حکومەتەکانی ئەوروپا خستیانە روو مایەی سەرسوڕمانە، بەڵام هێشتا نەچووتە قوڵاییەوە.. ئەم سوپایە چۆنەو ئەو پیاوە چۆنە کە فەرمانەکان دەردەکات؟
ئا لەم کاتەدا سەربازە عێراقییەکان لە سنوری تورکیا دەپەڕنەوە بۆ ئەوەی جامی ئاگرینی تۆپهاوێژەکانیان بڕژن بەسەر خێمەی پەنابەرە کوردەکان. کەس پێشتر ئەمەی بیستووە؟ بەپێی هەموو عورفە نێودەوڵەتییەکان کاتێک پەنابەران لە سنوری وڵاتەکەیان پەڕینەوە دەبێ پارێزراو بن، بەڵام شوێنکەوتنیان بۆ ئەودیو سنوور بۆ قڕکردنیان لەکاتێکدا ئەوانە تەنیا پەنابەرن و لە چەند خێمەیەکدا خۆیان مەڵاسداوە، ئەم کارە تەنیا لە سوپاکەی ئێمەو فەرماندەکەی دەوەشێتەوە. سەرەڕای بەربەریەتی دێرینی تورکی بۆ دژایەتیکردنی گەلەکەی خۆی و ئەوانی هانای بۆ دەبەن هێشتا بووە پەناگەی ئەم پەنابەرانە، خۆ ئەگەر ترسنۆکی ئەم سوپایەو ترسی نەبوایە لە تورکەکان، ئێستا چادرو پەناگەی کوردەکان بەیەکجاری خاپوور دەکران.
سەربازانی عێراق هێرش دەکەنە سەر گوندە کوردییەکان بۆ ئەوەی پلانی جینۆسایدی رێکخراو ئەنجام بدەن، ئەمەش رێک دەقی دانپیانانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییە بە زمانی ئینگلیزی، ئەم گوندە سادەو ساکارو سۆفیگەرانە لە کونجێکی چیاکاندا هەمیشە سەرچاوەی ماست و هەنگوین بوون بۆ عێراقییەکان و بە دەستەواژەی کاکە پێشوازییان لێکردوون ئەمەش لای کورد مانای ئەوەیە بەئامانەتپارێزی خۆی و ماڵ و کەرامەتیت دەزانێت، کوردە مادەکان وەک پارچەیەک سەوزایین کە جگە لە چاکە هیچیان لێ نابینیت، تەنانەت رێگرو پیاوخراپەکانیشیان زۆر لە سوپا مۆدێرنەکان شەرەفمەندترن.

ئەو گوندانەی سەربازانی عێراقی بە پێلاوەکانیان و بە کۆڵەپشتی پڕ لە گازی ژەهراوییەوە بەسەریاندا رۆیشتن، بەوەشەوە نەوەستان، بگرە ئەو منداڵ و دایک و داپیرانەی مابوونەوە لێیان نەگەڕان تا بە رێژنەی گوللەکانیان خستیاننە سەر زەوی، سەربازەکان دوودڵ نەبوون لەم رۆڵەی پێیان دراوە. پەشیمان نەبوونەوەو فڕۆکەوانەکە لە خۆی نەپرسی ئاخۆ ئەم گازە بەسەر کێدا دەڕژێت، بیری لەوە نەکردەوە بە فڕۆکەکەیەوە بچێتە وڵاتێکی تر بۆ ئەوەی رەگەزنامەی مرۆڤبوون وەربگرێت و راستی ئەو رووداوانە ئاشکرا بکات کە لەم وڵاتە سەیرو سەمەرەیەدا روودەدات، نەخێر بە هیچ شێوەیەک، بەڵکو بە بەڵگەوە دەڵێم -ئێمە کوڕی یەک گوندین وەک ئەوەی پەندە عێراقییەکە دەڵێت- دوای ئەوەی بۆمبەکانی بەسەر ژووری خەوی کوردەکاندا بەتاڵ دەکاتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی باسی پاڵەوانێتییەکانی ئەو رۆژەی بکات بۆ ژنەکەی یاخود بۆ عاشقەکەی.

ئەی منداڵە کوردە سوتاوەکە بە گازی کیمیایی لە گوندە بچووکەکەت، یاخود لە سەر جێگاو لە گۆڕەپانی یارییەکەتان، من بێبەری بوونی خۆم لەوە رادەگەیەنم کە یەکێك بم لەوانەی خوێنت دەڕێژن، بەڵێنتان پێ دەدەم پێکی سەرکەوتنە وەهمییەکانی سوپای سەردەمی بەردین ناخۆمەوەو هەرگیز دەست و پەنجە لەتەك ئەو حکومەتانەی چاخی بەردین نەرم ناکەم.

لەبەردەم تۆ و هەموو خەڵکیدا هەست بە شەرمەزاری دەکەم کە هەڵگری هەمان ناسنامەی ئەو فڕۆکەوانەم کە تۆی کیمیاباران کرد کە ئازایەتی خۆی بەسەر تۆدا تاقیکردەوە، خۆزگە خەڵک لە کۆڵیان دەکردەوە تا بەیەکجاری بێبەری ببوومایە لەو خوێنە ئازیزەت.

یەکپارچە خەمبارم بۆ تۆ، لە تاریکی شەوەزەنگی درێژدا فرمێسکت بۆ دەڕێژم، لەسەردەمێکدا کە مرۆڤە گورگینەکان حوکم دەکەن، هیچمان لەدەست نایەت جگە لە گریان.

ئەی منداڵە غەدرلێکراوەکان، ئەم بێبەریبوونەم لێوەربگرن، ئەمە بێبەریبوونمە لە شوناسم

هادی عەلەوی