جوتیارەکەی سەرگەڕان
“ملپێچەکەم بووەتە رەمز و داینانێم”
964+
ژێوار خدر
محەمەد ئەمین، جوتیارە ناودارەكەی ناحیەی سەرگەڕان و چالاكوان، رایگەیاند ملپێچەكەی بووەتە رەمز و داینانێت، گلەیی ئەوەشی كرد لە كتێبەكانی ئێستای نووسەرانی كوردیش بایەخێكی كەم بە جوتیاران و كێشەكانیان دراوە.
محەمەد ئەمین ئەمڕۆ یەكشەممە 13.4.2025 لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب، بۆ 964 وتی، چونكە تەجرووبەی نووسینی نییە، نەیتوانیوە كتێبێك لە بارەی تەعریب و كێشەكانی جوتیاران بنووسێت، بەڵام بیرۆكە و كۆمەڵێك دۆكیۆمێنتی گرنگی لەسەر ئەو بابەتانە هەیە و لەگەڵ چەند نووسەرێك لە راوێژدایە بۆ نووسینی كتێبێك و بەدۆكیۆمێنتكردنی ئەو بەڵگەنامانەی لە بارەی تەعریبەوە لەبەردەستیاندایە.
محەمەد ئەمین، ئەو جوتیارەیە لە شوباتی رابردوو لە ناحیەی سەرگەڕان لەسەر كێشەی زەویوزار لەگەڵ عەرەبی هاوردە لە ناوچەكە، لایەن چەند سەربازێكی سوپای عێراقەوە پەلامار درا و ڤیدیۆی رووداوەكە بووە رۆژەڤ و كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئەو رووبەڕوویان بووەوە و دواتر سكاڵاشی تۆمار كرد.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا