رێنمایی پۆلیس و تەندروستی خورماتوو بۆ قوتابیانی کچ

“لەکاتی حاڵەتی گوماناوی و گێچەڵی ئەلیکترۆنی پەیوەندیمان پێوە بکەن”

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

بنکەی تەندروستی خورماتوو بە بەشداری پۆلیسی کۆمەڵایەتی قەزاکە، هەڵمەتێکی هۆشیاری و رێنمایی پێدان بە قوتابیانی کچ لەسەرجەم قوتابخانەکانی قەزاکە دەستپێکردووە، بەئامانجی ئەوەی کچانی قوتابی دووربن لە خراپ بەکارھێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13.4.2025، محەمەد ئەکبەر، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی خورماتوو بە 964ـی وت، “هەڵمەتەکە لەکاتێکدایە ماوەیەکە لێرە و لەوێ قوتابیان و بەتایبەتیش کچان، رووبەڕووی گێچەڵە ئەلیکترۆنییەکان بوونەتەوە و لە رابردووشدا چەندین جار ئەو حاڵەتە لە قەزاکە روویداوە کە کچان رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە، بۆیە هەڵمەتەکەمان بەردەوام دەبێت و دەمانەوێ لەو رێگەیەوە کچانی قوتابی هۆشیار بکەینەوە بەپێدانی رێنماییەکان بۆ ئەوەی پارێزراوبن لە کێشە و گرفتەکان و لەلایەن باند و کەسانی نەناسراوە ھەڵنەخەڵەتێنرێن”.

وتیشی، قوتابیان ئاشنا دەکرێن بە هێڵی گەرمی ژمارە 911 بۆ ئەوەی کاتێک دووچاری کێشەی هاوشێوە بوون، لەبری ئەوەی تاکلایەنە کێشەکان چارەسەر بکەن، بەخێرایی لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگاداربکەنەوە و هاوکاریان بکەن بۆ ئەوەی تاوانباران بەسزای خۆیان بگەیەنرێن.

محەمەد ئەکبەر داوایشی لە قوتابیانی کچ کرد، بەبینینی هەر حاڵەتێکی گوماناوی لە کەسانی دەورووبەری خۆیان، پەیوەندیی بە هێڵی گەرمی 911ـەوە بکەن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

 

پۆلیس و تەندروستی دوزخورماتوو سەردانی قوتابیان دەکەن

پۆلیس و تەندروستی دوزخورماتوو سەردانی قوتابیان دەکەن