"نزیک ماڵی عەلی حەسەن مەجید بووە"
وردەکاری دەربارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی لە کەرکوک دۆزرایەوە
964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک
ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی لە سنووری تۆپزاوە دۆزرایەوە، زیاتر پەردەی لەسەر تاوانەکانی رژێمی لەناوچووی بەعس هەڵدایەوە و بەقسەی بەرپرسێکی پێشووی نوسینگەی دەزگای شەهیدان لە کەرکوک، گۆڕەکە لە نزیک ماڵی عەلی حەسەن مەجید بووە.
سەید خەلیل رەحیم بەڕێوەبەری پێشووی نوسینگەی دەزگای شەهیدانی کوردستان لە کەرکوک بە 964ـی وت، “بەڵگەنامەیەک کەوتە دەستمان کە کاتی خۆی لە سەربازگەی تۆپزاوەی سوپای عێراق، جگە لەوەی خەڵک نێردراوە بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی خوارووی عێراق، رۆژانە هەر لەناو سەربازگەکە، چەندین کەس بەهۆی ئەشکەنجە و لێدان و برسێتی گیانیان لەدەستداوە و دواتر تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کراون”.
“دوای ماوەیەک پزیشکی دادی بە نوسراوی فەرمی پارێزگاری ئەو کاتی کەرکوک ئاگادار دەکاتەوە کە ساردخانەکانیان پڕبوون و شوێنیان نەماوە، بۆیە بڕیاریان داوە لەرێی شارەوانییەوە بەخاک بسپێردرێن، ئەو شوێنەش لە هەشتاکاندا گۆڕستانی سەر بە شارەوانی بووە کە تا ساڵی 1988 گۆڕی کەمی تێدابووە، بەڵام ئێستا بە هەزاران گۆڕی لێیە”، سەید خەلیل رەحیم وای وت.
وتیشی، ماڵی عەلی حەسەن مەجید یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی رژێمی لەناوچووی بەعس کە لای کورد بە عەلی کیمیایی ناسراوە، هەر لە نزیک ئەو گۆڕستانە بووە و چوار دەوری پەرژین کراوە و پارێزراوە.
هاوکات سەمیرە ئەحمەد چالاکوانی بواری جینۆساید بە 964ـی وت، بەو پێیەی گۆڕستانەکە سەر بە شارەوانییە بووە، بەشێوەیەکی ئەندازەیی و رێکخراو دروستکراوە، ئەوەش دەبێتە هاوکارییەک بۆ حکومەت، گەر بیەوێت گۆڕەکان هەڵبداتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە تەنیشت گۆڕەکان چاڵی زۆر هەیە و وادیارە فریانەکەوتون تەرمی لێ بنێژن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری