"چارەسەر نەکرێت کارەساتی لێدەکەوێتەوە"
ئاوی بەسرە پیسترینە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
964+
محەمەد فاتیح
رێژەی پیسبوونی ئاو لە دەریاكانی بەسرە، بەرزترینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەش دەمانخاتە بەردەم كارەساتێكی ژینگەیی راستەقینە و دەبێت چارەسەر بكرێت.
عەلی عەبادی سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ مەترسیەكانی پیسبوونی دەریاكانی باشووری عێراقی بۆ 964 ئاشكرا كرد و وتی، “پارێزگاكانی باشوری عێراق بەدەست بەرزبوونەوەی رێژەی پیسبوونى دەریا سەرەكییەكانیان دەناڵێنن، بەتایبەتی لەگەڵ تێكەڵبوونی بە پاشماوەی پێشەسازی و پاشماوەی شارەكان بە گشتی، ئەمەش رێژەی پێسبوون بە شێوەیەك بەرزدەكاتەوە كە دەبێتە جێگەی نیگەرانی”.
“رێژەی پیسبوونی ئاوی ناو دەریاكانی بەسرە بە بەرزترین هەژمار دەكرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم كارەساتێكی راستەقینە كە پێویسته حكومەتی عێراق بە جدی هەڵوەستەی لەسەر بكات، لەم تسۆنامییەی کە بەسرە و پارێزگاكانی باشوری عێراقی گرتووەتەوە رزگارمان نابێت ئەگەر هاوشێوەی سعودیە و وڵاتانی كەنداو پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی دەریا دانەنرێت”، عەلی عەبادی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڵاوبوونەوەی نزیکەی 60 بۆ له 70%ی ئەو نەخۆشیانەی کە تووشی دانیشتووانی پارێزگاکانی باشوور دەبن، بۆ پیسبوونی ئاوی رووبارەکان دەگەڕێتەوە، تەنانەت کۆمپانیا بیانییەکانیش کە لە کەرتە جیاوازەکانی ناو بەسرەدا کاردەکەن، پشت بە بەرهەمهێنانی ئاوی ناوخۆیی نابەستن، بەڵکو ئاو لە کوێت و سعودیەوە هاوردە دەكەن، ئەمەش پەیامێکی ڕوونە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.
عێراق لە ریزبەندی پیسبوونی ساڵی 2025 لە پلەی شەشەمی جیهانی عەرەبیدایە و 37ـەمینیشە لەسەر ئاستی جیهان و لە کۆی 100 خاڵ، 71.5 خاڵی بەدەستهێناوە.