دەستبەسەرداگرتنى ماتۆڕسکیلى بێسەرەتا و بێزارکەرەکان لە رواندز..وێنە: قایمقامییەتى قەزاى رواندز
لە نمایشى سەر شەقام دووربکەونەوە
ماتۆڕسوارەکان ئاگاداربن؛ لەمەودوا لە ترافیک بدەن سزا دەدرێن
964+
وریا فەتاح
هاتوچۆى هەولێر، هۆشدارى بە ماتۆڕسکیلەکان دەدات کە خۆیان لە بێزارکردنى خەڵک و نمایشى سەرشەقامەکان بەدوور بگرن، بەپێچەوانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
وەک ئەوەى هاتوچۆى هەولێر باسى دەکات، بەشێک لە شۆفێرانی ماتۆڕسیکل سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆ دەکەن و مەترسی بۆسەر ژیانی خۆیان و هاوڵاتیانی دیکەش دروست دەکەن، بۆیە هەر شۆفێرێک پابەندی یاسا و رێنمایەکانی هاتوچۆ نەبێت و مەترسی بخاتە سەر سیستەمی هاتوچۆ و هاوڵاتیان بێزار بکات، ئەوا لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەنجام دەدرێت و سزا دەدرێت.
هاتوچۆى هەولێر چەند رێکارێکى بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەمەودوا ئەگەر شۆفێرى ماتۆڕسکیل لەم حاڵەتانەدا سەرپێچى بکات، دەستبەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت کە ئەمانەن:
یەکەم: هەر ماتۆڕسوارێک لەسەر شەقامەکان سەرکێشی بکات و نمایشی مەترسیدار ئەنجام بدات، ماتۆڕەکەی دەستی بەسەردادەگیرێت و خۆیشی دەدرێتە دادگا.
دووەم: هەر ماتۆڕسوارێک لە ترافیک لایتەکان نەوەستێت و بەخێرایی بەبەردەم کامێراکانی تیژڕۆیی تێپەڕ ببێت، سزای دارایی دەدرێت. ئەگەر ماتۆڕەکەی تۆمار نەکراو بێت و لۆگۆی کۆمپانیاکانی دلیڤەری پێوەبێت، کۆمپانیەکە مانگانە لیستی سزاکانی بۆ رەوانە دەکرێت.
سێیەم: هەر ماتۆڕسوارێک کڵاوی سەر و ئەژنۆ پارێز و مەچەک پارێز لەکاتی لێخوڕین بەکار نەهێنێت، سزای دارایی دەدرێت.
چوارەم: هەر ماتۆڕسوارێک دەنگی گزۆزی ماتۆڕەکەی بەرز بکاتەوە هاوڵاتیان بەو دەنگە بەرزە هەراسان بکات، دەستبەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت و خۆشی دەدرێتە دادگا.
هاتوچۆى هەولێر ئەفسەر و کارمەندانى هاتوچۆ دەستکراوە دەکات لە جێبەجێکردنى سزاکانى سەرپێچى بەسەر ماتۆڕسواراندا.
“بۆئەوەی توشی لێپرسینەوەی یاسایی نەبیت و سزا نەدرێیت پابەند بە یاسا و ڕێنمایەکانی هاتووچۆ”، هاتوچۆى هەولێر وادەڵێت.