"ئەوانەی هاتبوون پسپۆڕ بوون"

هەندێك لە دوكاندارانی دارەسووتاوەكە لە قەرەبووكردنەوەكە ناڕازین

964+

دیلان محەمەد جەزا

كاركردن و پاككردنەوە لە بازاڕی دارەسووتاوەكە دەستیپێكرد و لیژنەیەك بۆ نووسینی قەبارەی زیانەكان و قەرەبووكردنەوە هاتنە بازاڕەكە، هەندێك لە دوكاندەرەكانیش لە قەرەبووكردنەوەكە ناڕازین.گ

پەیامنێری 964 لە سلێمانی لە بازاڕی دارەسووتاوەكە چەند دوكاندارێكی دواند، كە وادیارە گلەییان لە شێوازی نووسینی قەرەبووكردنەوەكەیان هەیە.

یەكێك لەو دوكاندارانە بۆ 964 ئاماژەی بەوەدا، پێویستە دوكاندارەكان بە ویژدانەوە زەرەر و زیانەكانی خۆیان ببژێرن و بە لیژنەكەی بڵێن.

وتیشی، دوكانەكەی من بایی زیاتر لە دەفتەرێك دۆلار شتی تێدابووە، 10 ملیۆن دینار قەرەبوویان بۆ نووسیوم.

وتیشی، یەكەمجارە حكومەت بەو شێوەیە خێرایە بەدەم دوكاندارانی بازاڕەكە دێت و سوپاسیان دەكەین.

یەكێكی دیكەش لە دوكاندارەكان، كە تەواوی دوكانەكەی سووتاوە، وتی ئەو لیژنەیەی قەرەبوو دەنووسن كەسانی پسپۆڕ بوون و دەزانن هەر دوكانەی بایی چەند زیانی كردووە.

رۆژی 5.4.2025 بازاڕی دارەسووتاوەكە لە سلێمانی سووتا و بەهۆیەوە زیاتر لە 116 دوكان و هەشت كەپر و عەرەبانە فرۆشتنی لەفە و خواردەمەنی سووتان، ئیدارەی حكومەتیش لە سلێمانی بڕیاریداوە قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكاتەوە و كارەكانی پاككردنەوەی بازاڕەكەش دەستیپێكردووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا