دواى سێ رۆژ دابەزینى بەردەوام
نرخى نەوت بەرز بووەوە
964+
وریا فەتاح
دواى ئەو دابەزینە خێرایەى لە چەند رۆژى رابردوودا لە نرخى نەوت روویدا، ئەمڕۆ ئاهێکى هاتەوەبەر و کەمێک بەرز بووەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8.4.2024 لەکاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 65 دۆلار و 05 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا دوێنێ بە 63 دۆلار و شتێک بوو.
هەروەها یەك بەرمیل نەوتی سووكی تێكساس بە 61 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە ماوەى یەک هەفتەدا نرخى نەوت بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزیوە، بەشێوەیەک هەر بەرمیلێک سەروو 10 دۆلارى لێبووەتەوە.
دواى ئەوەى هەفتەى رابردوو ترەمپ بڕیاریدا باجى گومرگى بەسەر ژمارەیەک وڵاتدا بسەپێنێت، شڵەژانى ئابورى و بازرگانى دروستکرد و دواتر چین وەڵامى دایەوە و بڕیاریدا ئەویش باجى گومرگى بەسەر کاڵاى ئەمەریکیدا بسەپێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت لەلایەن هەشت وڵاتى ئەندامى ئۆپیک هۆکارێکى دیکەى دابەزینى خێراى نرخى نەوت.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى لە دابەزینى نرخى نەوت توشى زیانێکى زۆر دەبێت، چونکە 95%ـى داهاتەکەى پشت بە هەناردەى نەوت دەبەستێت.