قەزای ماوەت

دانیشتووانی گوندێک رێگەنادەن کەس بۆ کردنی گیای بەهارە بچێتە سنوورەکەیان

+964

دیلان محەمەد جەزا

دانیشتووانی گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت بڕیاریانداوە رێگە بە هیچ کەسێک نەدەن سەردانی ناوچەکەیان بکات، بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیای بەهارە.

عەلی ساڵح ئەنجومەنی گوندی گەڵاڵە بە 964 وت، وەک ئەنجومەنی گوندی گەڵاڵە بڕیاریانداوە رێگە بە هیچ کەسێک نەدەن سەردانی کەژ و کێوەکانی دەوروبەری گوندەکەیان بکەن بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیای بەهارە.

باسی لەوەکرد، هۆکاری ئەو بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ نائارامی ناوچەکەیان بەهۆی بۆردومانی بەردەوامەوە، مەبەستیشیان پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە و گیای بەهارەیان بەلاوە گرنگ نییە.

عەلی ساڵح دەڵێت، وەک دانیشتووانی گوندی گەڵاڵە خۆیان ناچن بۆ کۆکردنەوەی ئەو گیا بەهارییانە و داواش دەکەن دانیشتووانی پشدەر و قەڵادزێ سەردانیان نەکەن، لەبەر ئەوەی گوندەکەیان هاوسنوورە لەگەڵیان.

گوندی گەڵاڵە سەر بە قەزای ماوەتە و لە 35 ماڵ پێکهاتووە.

ساڵانە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا، دەیان هاوڵاتی، کە بۆ کردنی گیای بەهارە دەچنە کەژ و كێوەکان، دەکەونە بەر هێرشی بۆردومانی فڕۆکە و درۆنەکان، یان مین پێیاندا دەتەقێتەوە و گیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

"سوپای تورکیا رێگری لە گوندنشینان دەکات بۆ گیای بەهارە بچنە کوێستانەکان"